فەیسبوک ئاسانکاری بۆ یاری سیاسی لە عێراق دەکات

لڤین:
سەنتەری میدیای دیجیتاڵی عێراق، رایگەیاند فەیسبوك لە عێراق ئاسانكاری بۆ گەمەی سیاسی دەكات بە رایگشتییەوە، ئەمەش لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانەوە.
سەنتەری میدیای دیجیتاڵی ئەوەشی راگەیاندووە، تێبینی چالاكی بەردەوامی ئەو پەیجانەمان كردووە كە بەناوی گشتییەوە زانیاری ساختە یان چەواشەكارانە بڵاودەكەنەوەو دواتر لەلایەن سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق یاخود ئەو لایەنە سەربەخۆیانەی كە لێكۆڵینەوە دەكەن زانیارییەكانیان رەتدەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە کە فەیسبوك هیچ رێوشوێنێك لەدژی ئەو پەیجو ئەكاونتانە ناگرێتەبەر، تەنانەت كاتێكیش ئاگاداردەكرێتەوە لەوەی ئەو بڵاوكراوانە چەواشەكارانەن.
هۆشداری داوە لەو مامەڵەیەی فەیسبووک لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئاماژە بە راپۆرتی رۆژنامەی گاردیان دەکات کە تایاد وتویەتی: فەیسبوك بەخێرایی كاردەكات بۆ چارەسەركردنی ئەو گەمە سیاسییانەی كە كاریگەری لەسەر وڵاتانی وەكو ئەمریكا و تایوان و كۆریای باشور و پۆڵەندا دروست دەكات، بەڵام بۆ وڵاتانی وەكو ئەفغانستانو عێراقو مەنگۆلیاو مەكسیكو هەموو وڵاتانی ئەمریكای لاتینی، بەهێواشی كاردەكات یاخود هەر نایكات.
رۆژنامەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە فەیسبوك هیچ رێوشوێنێكی خێرای نەگرتوەتەبەر دوای ئاشكرابوونی (هەزارو 700) هەژماری وەهمی لە عێراق كە لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەردا كاریان بۆ پاڵپشتیكردن لە كەسایەتییەكی سیاسی كردووە، فەیسبوك دوو تۆڕی ئاشكراكردووە كە كاریان گەمەی سیاسی بووە، بەڵام نەیسڕیونەتەوە.