کۆرۆنای درێژخایەن چیمان پێدەڵێت؟

لە ھەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەو ھەواڵ، کە باسی کۆرۆنای درێژخایەنیان دەکرد لاپەڕەكانی ڕۆژنامەکانی بەریتانیای داپۆشی، ئەو ئامارانەی، ئەو لێكۆڵینەوانە بڵاویانكردەوە، ئەوە دەردەخەن، پتر لە یەك ملیۆن کەس لە بەریتانیا، كە بەشێکی زۆریان کارمەندانی تەندرووستین، دوای چاکبوونە لە پەتای کۆرۆنا دووچاری کۆمەڵێک کێشەی تربووین، لە ئێستادا بەشێک لەنەخۆشخانەکانی بەریتانیا رێکاری گونجاویان گرتۆتەبەر بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نەخۆشانە و کلینیکی تایبەتیان بۆ دامەزراندون. پێشبینی دەکرێت لەداھاتوو کۆرۆنای درێژخایەن تەوژمێکی زۆر بخاتە سەر نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندرووستیەکان، بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین کۆرۆنای درێژخایەن لەم چەند خاڵەدا كورتبكەینەوە:

1- وەک ھەمیشە باسمان کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ئەو پەتایە دەبن بە سووکی دەیگرن، واتە تووشی ھەوکردنی سییەکان نابن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت. تێبینی کراوە جگە لەو کەسانەی بە توندی تووشی پەتاکە دەبن، بەشێک لەو نەخۆشانەی کە بە سووکیش تووشی ڤایرۆسەکە دەبن دوای چاكبوونەوەیان گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشە دەبن.

2- کۆرۆنای درێژخایەن کۆمەڵێک نیشانە لەخۆ دەگرێت، ھەندێک لە نەخۆشەکان کۆمەڵێک لەو نیشانانەیان ھەیە و بەشێکیان تەنھا یەک یان دوو لە نیشانەکانیان ھەیە.

3- ھەستکردن بە ماندووبونێکی زۆر و لەش داھێزران یەکێکە لە باوترین نیشانەکانی کۆرۆنای درێژخایەن، دیارە ئەم حاڵەتە دوای تووشبوون بە کۆمەڵێک ڤایرۆس پێشتر ھەر ھەبووە (chronic fatigue syndrome)، بەڵام لە تووشبوانی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زیاتر دەبینرێت، ئەو نیشانەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام تێبینی کراوە ژمارەیەکی بەرچاو لەو نەخۆشانە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەتاکە تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان و دەست بەژیانی ئاسایی بكەنەوە.

4- تەنگەنەفەسی و سنگ ئێشان و دڵەکوتی و کۆکەی درێژخایەن زیاتر لەو کەسانە دەبینرێت، کە بەھۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی هەوكردنی سییەكان دەبن.

5- نەمانی یاخود گۆڕانی تام و بۆن وەک نیشانەیەکی بێزارکەر لە ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبوانی ئەو پەتایە دەبینرێت.

6- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دوای دەربازبوون لە پەتاکە لە بەشێکی نەخۆشەکان دەبینرێت، پسپۆرانی نەخۆشیە دەروونیەکان کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەم دیاردەیە کردووە، وا دەردەکەوێت کە ژمارەکی زۆر لەو نەخۆشانە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی ھەبێت.

7- خەو زڕان و گێژی و کێشەی بیرکردنەوە و تەرکیزکردن کۆمەڵێک نیشانەی ترن، کە لە بەشێکی نەخۆشەکان دەبینرێت.

8- ئازاری گەدەو ئیسھالی و دڵ تێکچوون و کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.

9- ئازاری جومگەکان و مێروولەکردنی پەنجەکانی دەست و قاچ .

10- سەرئێشەی درێژخایەن و ئازاری قوڕگ و گوێ و قژ ھەڵوەرین و ھەندێک نەخۆشی پێستە.

دیارە بەشێکی زۆری تووشبوانی کۆرۆنای درێژخایەن بە تێپەڕبوونی کات باشتر دەبن، بەلام بۆ ئێمەی دکتۆر زۆر گرنگە، گرفتەکانی کۆرۆنای درێژخایەن بە ھەند وەرگرین و گوێ لە نەخۆشەکان بگرین و رێنماییان بکەین، تێبینی کراوە بەشێک لەو  نەخۆشانەی نیشانەکانی کۆرۆنای درێژخایەنیان ھەبووە، دوای وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا حاڵەتەکەیان زۆر باشتر بووە، تەنانەت بەشێک لە نەخۆشەکان بە تەواوی چاکبوونەتەوە.

کوردستانیانی خۆشەویست، مەبەستم لە نووسینی ئەو کورتە پۆستە باسکردنی راستیەکانە، ھیوادارم کە ئەو نووسینەم ببێتە ھۆکارێک بۆ ھاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و پەیڕەوی رێکارەکانی خۆپاراستن بن، چونکە ئەو کەسانەی کە بە سووکیش تووشی ئەو پەتایە ببن ئەگەری ھەیە بەشێک لەو کێشانەیان بۆ دروست بێت کە باسمان کردووە

دکتۆر عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لەندەن

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button