ڤاکسینەکان هیوای دەربازبوونی مرۆڤایەتین

سالێکی ڕێکە ڕۆژانە لە قاوشەکانی نەخۆشخانەکەم بۆنی مردن دەکەم بە ھۆی ئەو ڤایرۆسە نەگریسەوە، خۆشبەختانە زانست توانی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا کۆمەلێک ڤاکسینی کاریگەرو سەلامەت بخاتە ژێردەست مرۆڤایەتی . ئەوەی جێگای داخە خەلکانێک ، تەنانەت ھەندێک دەزگاو ناوەندیش پڕوپاگەندەی نازانستی بەرامبەر ڤاکسینەکان بڵاودەکەنەوە و خەلك لە وەرگرتنی ڤاکسینەکان سارد دەکەنەوە، لە کاتێکدا ھیچ بژاردەیەكی تر ناخەنە بەردەست بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆڕۆنا، کە مرۆڤایەتی تووشی گەورەترین کێشە کردۆتەوە .
لەراستیدا جگە لە رێکارەکانی خۆپارستن ڤاکسینەکان تاکە ھیوای مرۆڤایەتین بۆ دەربازبوون لەو پەتایە . دیارە کۆمەلێک ڤاکسین لە کاتی ئێستادا بەکاردەھێنرین ، کاریکەری ڤاکسینەکان وەک لێکۆلینەوەکان دەردەخەن لە ٦٥٪‏ بۆ ٩٥٪‏ بە گوێرەی جۆری ڤاکسینەکان دەگۆڕێت، بەلام خاڵی گرنگ ئەوەیە، ھەموو ڤاکسینەکان نەخۆش لە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی توند دەپارێزن، واتە ھەر کەسێک کە ڤاکسین وەردەگرێت، تەنانەت ئەگەر تووشی ڤایرۆسەکەش بێت بە سووکی دەیگرێت و پێویستی بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت!. بەرای من ئەوە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە بۆ ناوەندە زانستیەکان، هەرچەندە رەنگ بێت دوای ھەر ڤاکسینێک ئەگەری ھەندێک کێشەی لاوەکی لای هەندێك كەس لە ئارادا بێت، وەک تاو و لەرز و ئازاری لەش و سەرئێشە و لەش داھێزران. ئەم نیشانانە شتێکی کاتیەو تەنھا دوو یان سێ رۆژ دەخایەنێت. ئەو کاریگەرە لاوەکیانیە لە بەشێک لە ڤاکسینەکان زیاترە لە بەشێكی تریان ، بەلام ئەمە شتێكی ئاساییەو زۆربەی ڤاکسینەکان و دەرمانەكان كاریگەری لاوەكیان هەیە.
تا ئەو چرکە ساتە، کە نزیکەی شەش سەد ملیۆن ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جیھان بەكارهاتووە، ھیچ لێکێۆلینەکی زانستی نیشانی نەداوە، کە ڤاکسینەکان رێژەی مردن زیاد دەکەن . بۆیە بۆ دەربازبوون لەو پەتایە ، جگە لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکان، مرۆڤایەتی ھیچ بژاردەیەكی تری لەژێر دەستدا نیە!.
لە ئێستادا بڕێکی زۆر کەم لە ڤاکسین گەیشتۆتە عێراق و کوردستان ، بەلام لە چەند مانگی داھاتوو ئەو ڕێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت ، بۆیە ئێمەی کوردیش وەک سەرجەم دانیشتوانی جیھان دەبێت دلخۆش بین بە گەیشتنی ڤاکسین و پێشوازی لێبکەین، تکایە ئەگەر بە باشی دەزانیت ئەو پۆستە لای خۆت شێربکە بۆ ئەوەی دلنەوایی بدەینە ئەو کەسانەی ترسیان بەرامبەر وەرگرتنی ڤاکسینەكان هەیە، چونکە گەلێک جار خودی دوودلی دەبێتە کێشە بۆ کەسەکان نەك ڤاکسینەكان.
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button