حکومەتی هەرێم وەڵامی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەداتەوە

لڤین:
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە لە ٧ ی نیسانی ٢٠٢١ دا هەڵسەنگاندنەکانی خۆی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ١٤٩ وڵات بڵاوکردەوە تیایدا باسی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش کردووە.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند “حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانداریی 992 هەزار و 732 ئاوارە و پەنابەر دەکات . بە وردی 734 هەزار و 713 یان ئاوارەن، 238 هەزار و 345 پەنابەری سوری و 8هەزار و 440 پەنابەری تورکی و 10 هەزار و 534 پەنابەری ئێرانی و 700 پەنابەری فەلەستینی هەن. زۆرینەی ئاوارەکان و پەنابەرەکان لەگەڵ کۆمەڵگە خانەخوێکانی هەرێم دەژین، لەکاتێکدا تەنیا 29 ٪ لە 35 کەمپدا دەژین . نزیکەی 38 ٪ ی کۆی دانیشتوانە ئاوارەبوەکان لەشاری هەولێر دەژین و لەدهۆک 41 ٪ و لەسلێمانی ٪21 نیشتەجێن”.
زێباری وتیشی: سیاسەتی حکومەتی هەرێم ڕوونە و بریتییە لە پشتگیریکردن و هاندان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئازادانەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان.
ئەو بەبێ ئەوەی ناوی هیچ رێکخراوێک بهێنێت دەڵێت: بە پێی ڕاپرسیی بیروڕاکان کە ڕێکخراوە مرۆییەکان ئەنجامییان داوە، زیاتر لە 80 ٪ ی ئەو ئاوارانە ئامادە نین هەنووکە بگەڕێنەوە، بەهۆی نەبوونی مەرجی پێویست ، وەک خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان و هەلی کار و پاڵپشتیی دارایی.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان راشیگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە پەکەکە و یەکەکانی دیکەی چەکداری کردووە، کە دەست لە هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هەڵگرن.
زێاری لەو وەڵامەدا وتوشیەتی:حکومەتی هەرێم داوای لە وڵاتانی دراوسێ دەکات، ڕەچاوی ئەوە بکەن، هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە سنورییەکان دەژین، کە ئێستا لەبەر بۆردوومانەکان ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن و واز لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بهێن.