نێچیرڤان بارزانی ئاوێک بکە بە ئاگرەکەدا!

ئەم ڕۆژانە بە گەرمی کۆبوونەوە یان نەبوونەوەی مەسعود بارزانی و لاهوری شێخ جەنگی مشتومڕی میدیا و سیاسیەکان و خەڵکیشە. بە هۆی ئەو پەستانە زۆرەی ناوخۆی پارتی کە بەرئەنجامی سۆنامی میدیایی دوای ریفراندۆم و ۱٦ی ئۆکتۆبەرە و پارتی پێشتر خۆی ئەم زریانە ئیعلامییەی تەخوینکردنی هەستاند؛ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەم دوو سیاسیە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

لە مێژوودا پارتی سوپرایزی سیاسی گەورەی نەکردووە، بەهۆی پێکهاتە ئایدۆلۆژی و بونیادە جەماوەرییەکەی و ئیعتیباراتە خێڵەکییەکەوە پارتی حیزبێکی سست و خاو و قورسە. چاوەڕێی بڕیاری خێراو و ناکاوگیر بۆ دەستپێشخەری کۆبونەوە و دانیشتن لە پارتی دوورە و دیارە تا ئێستایش واقیعەکە لە بەرژەوەندی ئەودا بووە، بەڵام پرسیاری زیندوو ئەوەیە؛ ئەی ئەگەر لە جوڵەیەکدا واقیعەکە قڵپ بۆوە؟ ئەی ئەگەر یارییەکە ناخۆشتر بوو؟ ئەو کاتە ئەوەی زیان دەکات و کولەمەرگتر دەبێ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن نەک مەسولەکانی سەرەوە.

مێژووی پارتی خاڵی نییە لە سازش؛ لە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ شا، لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ تورکیا، تا دەگات بەدەستخستنە ناو دەستی سەدام و هێنانی دەبابەی بەعس بۆ سەر هەولێر لە ۳۱ی ئابدا نمونەیەکە سوور دەچێتەوە، کەچی ڕاستەوانە لەگەڵ ڕێکخستنی هاوکێشەی سیاسیدا پارتی تەنها لە زوعفدا ئامادەی کۆبوونەوە بووە و لە قوەتدا هەمیشە داشی خۆی سوارکردووە.

بە کورتی پارتی مام جەلال نییە لە شەڕی ناوخۆدا بێ حیمایە و بە تەنها شۆفێرێکەوە بڕوات بۆ ماڵی بارزانی، پارتی نەوشیروان مستەفا نییە بێ پاسەوان و لەگەرمە و ئەوجی گۆڕاندا بەتەنیا بچێ بۆ سەری ڕەش!

لەناو پارتیدا نێچرڤان بارزانی پیاوێکی سیاسی و ئاقڵ و کراوەترە، هەم بارزانی وەک زاوای گەورە و برازایەک گوێی لێ دەگرێت، هەم وەک سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حیزبەکەشی لەناو پارتیدا سەنگ و قورسایی هەیە… باشترین چارەسەر لە ئێستادا بریتییە لە دەستپێشخەرییەکی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی بارزانی و خۆی لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی، ئەمە ئاو دەکات بە ئاگرەکەدا و ڕێی کۆبوونەوەی دوو قۆڵیش خۆشتر دەکات.

خۆ لەوانەیە قبووڵ نەکردن و ڕەتکردنەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوسەرۆکێکی شەرعی یەکێتی کە بە زۆرترین دەنگی کۆنگرەی حیزبەکەی دەرچووە، نە کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات، نە لەبەرژەوەندی کابینەکەی مەسرور بارزانییدا بێت، نە پارتیش تا کۆتایی بۆی بچێتە سەر.

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بردنەوەی دانوستانێک لە بردنەوەی شەڕێک کە دوایی هەر دەبێت بە سازش کۆتایی پێ بێت گەورەترە… حەقە ئەمانە لەبەرژەوەندی گشتی بۆ کۆبونەوەیەکی چکۆلەی دوو قۆڵی لە غروری خۆیان خۆش ببن..


توانا ئەمین

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button