ئەمریکا و ئێران لە سومعەی “کڵاش” دەدەن

 

سەردەمانێ کە هێشتا سەرمایەداریی هەژمونی تەواوی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نەبوو، عێراقیش بە چەشنی ئێرانی ئێستا، بە رووی دونیای ناز و نیعمەتی رۆژئاوا نەکرابوەوە، ئەو دەمانە براندە بەناوبانگەکانی کالە و قۆنەرە نە هاتبوونە بازاڕەکانی کوردستان، کڵاش هەرچەندە لەپێ دەکرا، بەڵام رێزی لەسەر سەربوو.

ئەو وەختە کڵاش، لەناو زەرفێک و لەو دیو جامخانەی دوکانە بچوک و خاوێنەکانەوە، وەک توحفەیەک نیشاندەدرا، کەم کەس جورئەتی هەبوو خۆی لە قەرەیی بدا.

ئەو سەردەمە زۆرینەی خەڵک، پێڵاوی ئەدیداس و پوما و پاتەی تورکی و ئێرانیان لەپێ دەکرد، ئەوەشی خوا پێداو و خاوەن وەزیفە بوایە ئەوپەری بەقۆنەرەی لەمەعەوە پۆزی لێدەدات.

کڵاش لە لوتکەدابوو، لەپێکردنی هەر مانای پۆزی نەدەگەیاند، یەک دونیا ئاماژە و سیحری هەبوو، یەکسەر پیاوێکی چوارشانەی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی ئەهاتە بەرچاو، لە ناو خەڵکدا پەنچەی بۆ رادەکێشرا، ئەگەریش کەسێکی ئاسایی کڵاشی هەبوایە، ئەوە لەناو خەڵکا خۆی هەڵئەکێشاو سنگی دەردەپەراند.

تاک و تەرا خەڵک بە کڵاش دەوێرا، زۆرینە لە خەمی فەردەیەک ئارددابون، لەو دەمەدا دیاری و سەخاوەت ئەبوو، بە جوتێ کڵاش، دۆست یان خۆشەویستێکت بەسەر بکەیتەوە.

هەندێکجار کڵاش بۆ سوڕو پۆزلێدان لە زەماوەنددا بە خواستن وەردەگیرا، ئەوەی کڵاشی لەپێ بوایە چانسی ئەوەی هەبوو چۆپی کێش بێت.

ئێستا ئەم سەنعەتەی هەورامییەکان لەبەردەم خلۆربونەوەیەکی تەواوەتیدایە، ئەم پیشە خۆماڵییە وەک زۆربەی پیشە دەستیەکانی دیکە کەوتوەتە ژێر کاریگەری کاڵا و شمەکی هاوردەو بەرهەمی کارگەکان، هەم پرۆسەی بێ بەهاکردنەی کڵاش دەستی ئەمریکا و ئێرانی تێدایە، سزاکانی واشنتۆن لەسەر تاران بە تەواوەتی رۆڵیان هەیە.

تڕۆبونی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار و دیناردا، وایکردوە، کڵاشیش بەها مادییەکەی خۆی لە دەستبدات، ئێستا بە چەشنی نەعل و کاڵا هەڕاجیەکانی دیکە، کڵاشیش دەخرێتە قنی توێتای دەبڵەوەو هەراج دەکرێت.

دیمەنێکێ سەیرە کڵاش وەک تەماتەو پەتاتە لە دوای سەیارەیەکەوە هەڵبڕێژرێت و بە ۱۵ هەزار دینار بفرۆشرێت.

۱۵ هەزارەکە بۆ هەورامییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆشەبەرێک تمەن دەکات، بەڵام بۆ هەورامییەکی تەوێڵەو بیارەو بەڵخە، قیمەتی کیلۆیەک گۆشتە.

ئەوەی ژن و پیاوێکی هەورامی بەدەم گوێگرتن لە سیاچەمانەیەکی عوسمانەوە یاخود بە مەردا مەردانەکەی سەباحەوە چەند رۆژێکیان بۆ چنینی بەسەر دەبردو بژێوی ژیانی دابیندەکردن، ئێستا بە زەحمەت بەمایەی خۆیان دەردەچن.

هۆکارێکی تری هەرزانی کڵاشە رۆژهەڵاتییەکە ئەوەیە بە ئامێر ژێرەکەی چاک دەکرێت، واتە نیوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کڵاش گۆڕدراوە بۆ ئامێر، کە لە رووی چەندیەتییەوە بەرهەمێنانەکەی خێراتر کردوە، بەڵام لە رووی چۆنایەتیی و کوالێتییەوە لە سومعەی کڵاشی داوە.

کڵاشچنێکی جادەی سابونکەران پێی وتم”کڵاشە فرۆشەکانی هەورامانی ئەو دیو، چەسپ دەدەن لە “بەن”ی کڵاشەکە بۆ ئەوەی رەق بێت و دەق بگرێت، لەبارکردندا تێکنەچێت”.

ئینجا کڵاشێکی دەستچنی لای خۆی نیشاندام، “تۆ سەیری ئەوانەی ئێمە بکە، چەند نەرم و چونەتەوە یەک”.

دواتر ئاڕاستەی قسەکانی برد بۆ باسی ژێر کڵاشەکەو وتی”ئەوان بە دەزگا دروستی دەکەن، گوێ بە لاری و ناڕێکی بزمارەکان و ژێرەکەی نادەن”.

کڵاشەکانی لای ئەم سێ نرخیان هەبوو، لە ۳۵ هەزارەوە تا ٦٠ هەزار دەرۆشت، کڵاشچن و کڵاشفرۆشەکەی جادەی سابونکەران، وتیشی”جاران ۲۷ کەس، کڵاشیان بۆ دەچنیم ئێستا دوو کەسم بەدەستەوە ماوە”.

کڵاش رەمزە بۆ پاکوخاوێنی و لاشەڕی و خۆپاراستن، ئینسان کە کڵاشی لە پێدابوو، ناتوانێت شەق بوەشێن، “خۆی هەورامی هەر لە ئەسڵدا لاشەڕە”. جاران ئەوەی کڵاشی لە پێدەکرد، چاوەروانی ئەوەی لێندەکرا شەڕ بکاو کاری هەڵەشە بکات، ئێستا ئەوەنە هەرزانە هەر لە سەرۆک عەشیرەت و مەکتەب سیاسییەکەوە لە پێیەتی تا دەگاتە گەنجێکی ماتۆڕسوار.

ئەم هەرزانیی و هەڕاجییە، وایکردوە جگە لە بەهار و هاوین تەنانەت لە مانگەکانی کۆتایی زستانیشدا لەپێ بکرێت، ئەو رۆژە لای تۆیۆتا کڵاشفرۆشەکەدا یەکێ وتی”کورە خۆ عەیبی نیە، ۱۵ هەزار هیچ نیە هەر یەک دووجارێ لەپێی دەکەین”.

باسی کڵاش و دروستکردنەکەی زۆری لەسەر وتراوە، بۆیە من ئەم گۆشەیەم باسکردوە.


مەعاز فەرحان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button