بومەلەرزەیەکی بەهێز نیوزلەندای هەژاند و ئەگەری ڕوودانی تسونامیش هەیە

لڤین: بومەلەرزیەکی بەهێز بە گوڕی 7,2 پلەی ڕێختەر نیوزلەندای هەژاند و هۆشداریش لەبارەی تسونامییەوە درا.
ناوەندی چاودێریکردنی بومەلەرزە لە نیوزلەندا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو (بە کاتی هەرێمی کوردستان)، بومەلەرزەیەک لە قوڵای 94 کیلۆمەتر لە ئاوەکانی نیوزلەندا ڕویداوە و بەهۆیەوە شەپۆلی ئاو دوو ناوچەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری گرتووەتەوە.
نزیکترین شار لە بومەلەرزەکەی نیوزلەنداوە شاری گیزبۆرن بوو کە 35 هەزار کەسی تێدایە زۆربەی دانیشتوانی وڵاتەکە هەستیان بە بومەلەرزەکە کردووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز بەهۆی ئەگەری دروستبوونی تسونامی چەند ناوچەیەک لە خەڵکی خاڵی کراون تا ژیانیان پارێزراوبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی چاودێریکردنی بومەلەرزە لە نیوزلەندا لە ئەگەری دوبارەبوونەوەی بومەلەرزەی هاوشێوە ئەوا دەکرێت تسونامی دروست ببێت و 30 سانتیمەتر تا یەک مەتر شەپۆلی ئاو بەرزببێتەوە.
لای خۆشیەوە ناوەندی هۆشیارکردنەوەی تسونامی لەزەریای هێمن سەرلەبەیانی رایگەیاند، دوای زنجیرەیەک بومەلەرزەی یەک لەدوای یەک لە نیوزلاند، لەئێستادا شەپۆلەکانی سەرهەڵدانی تسونامی بەدیدەکرێن.