مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

لڤین: ئەمڕۆ 30 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی بەعس، بە بۆنەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوادەکات هەموو کەس و لایەنێک داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

لە بەشێکی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، دەڵێت: “با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا بەباشترین شێوە، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات”.

دەقی پەیامەکە:

لە یادی(30) ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری 1991ی گەلی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

‎ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاریی و ژێردەستەیی بوو. ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن و پێکهاتەكان، بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین.

‎با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

‎بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991

‎سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین .

‎مەسرور بارزانی

‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button