وەزیری ئاوەدانکردنەوە:ھێڵی شەمەندەفەر زیاتر لە ملیارێک دۆلاری تێدەچێت

لڤین: وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند لەم کابینەیەی حکومەتدا دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر و زیاتر لە ملیارێک دۆلاری تێدەچێت

دانا عەبدولکەریم ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دەست دەکەین بە قۆناغی ئامادەکاریی، هەڵسەنگاندن و دانانی پرۆپۆزڵ بۆ پرۆژەکە، دواتر قۆناغی جێبەجێکردن دەست پێدەکات کە بریتین لە سێ قوناغ  و شەش ئاست”.

ناوبراو وتیشی: هێڵی ئاسنینەکە هەمووشارەکان دەگرێتەوە و درێژییەکەی 915 کیلۆمەترە، پرۆژەکە دراوە بە دوو کۆمپانیای (ئیسپانی) و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی، کە پسپۆڕییان هەیە، دەست بە ئامادەکردنی پرۆژەکە و جێبەجێکردنی دەکەن.

ئەوەشی روونکردەوە بریارە لە قۆناغی یەکەمدا 620 کیلۆمەتر لە هێڵەکە تەواو بکرێت ولە قۆناغی دووەمدا 135 کیلۆمەترو لە قۆناغی سێهەمیشدا 160 کیلۆمەتر تەواو بێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاشکراشیکرد: ماستەرپڵانی هێڵی ئاسنین لە ساڵی 2012 دالایەن حکومەتی هەرێمەوە ئامادە کراوە، بۆیە لە ئێستادا ئەو سێ کۆمپانیایە بانگهێشت کراون بۆئەوەی لەم ساڵدا دەست بکەن ھەڵسەنگاندن بۆ تێچوی ئابوری پرۆژەکە بەپێی ئەو قۆناغانەی دیاریکراون.

ئەوەشی راگەیاند بە گوئرەی خەمڵاندنەکانی ئەوان پڕۆژەکە زیاتر لە ملیارێک دۆلاری تێدەچێت و لەم کابگنەیە دەست پێدەکرێت بەڵام وادەی تەواوبوونی نازاندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button