تەندروستی جیهانی.. بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموونەوە باری نائاسایی ڕاگەیاند

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای ئاوڵەی مەیموون حاڵەتێکی لەناکاوی تەندروستی جیهانی هێناوەتە ئاراوە، کە لە بەرزترین ئاستی ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدایە.

ناونیشانە نوێیەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (PHEIC) ” تەندروستی گشتی بۆ نیگەرانی نێودەوڵەتی لە ناکاو ” – بۆ دەستپێکردنی وەڵامێکی نێودەوڵەتی گونجاو داڕێژراوە و دەتوانێت بودجە دابینبکات بۆ هاوکاریکردن لە هاوبەشیکردنی ڤاکسین و چارەسەرییەکاندا.”

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوکات بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئەندامانی لیژنەیەکی پسپۆڕ ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕاسپاردەکان لەسەر بڕیارەکە بەڵام 9 ئەندامیان دژی بڕیارەکە بوون و شەش ئەندامیان لەگەڵ بەیاننامەکەدا بوون، ئەمەش وایکردووە خودی تێدرۆس ئەو بەستەڵەکە بشکێنێت.

تێدرۆس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە جنێڤ ڕایگەیاند “هەرچەندە من باری نائاسایی تەندروستی گشتی ڕادەگەیەنم کە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتییە، بەڵام بۆ ئێستا ئەمە پەتایەکە کە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە کە سێکس لەگەڵ پیاواندا دەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی چەندین هاوبەشی سێکسیان هەیە.”

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند “چەواشەکاری و جیاکاری دەتوانێت هێندەی هەر ڤایرۆسێک مەترسیدار بێت.”

وتیشی مەترسی تووشبوون بە پەتای ئاوڵەی مەیموون کە لە ڕێگەی بەرکەوتنی نزیکەوە بڵاودەبێتەوە و شیانی ئەوەی هەیە ببێتە هۆی نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا و برینەکانی پێستی پڕ لە چڵک و پیسی – لە ئاستی جیهانیدا مامناوەندە، تەنها لە ئەوروپا نەبێت کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەترسییەکەی بە بەرز زانیوە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەیاننامەیە “بانگەوازێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە”. ڕاج پەنجابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامادەکاری بۆ پەتا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند “کاردانەوەی هەماهەنگ و نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و پاراستنی کۆمەڵگاکان کە زۆرترین مەترسی تووشبوونیان لەسەرە.”

پێشتر تێدرۆس بە شێوەیەکی ئاسایی پێشنیارەکانی لیژنەی پسپۆڕانی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام دوو سەرچاوە پێشتر ڕۆژی شەممە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە پێدەچێت بڕیاری دابێت پشتگیری لە بەرزترین ئاستی ئاگادارکردنەوە بکات بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان و کەمی ڤاکسین و چارەسەرەکان.

تا ئێستا لەم ساڵدا زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ئاوڵەی مەیموون لە زیاتر لە 75 وڵاتدا تۆمارکراوە، لە ئەفریقاش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە بە شێوەیەکی سەرەکی لەم دواییانەدا لەو پیاوانەدا بڵاوبووەتەوە کە سێکس لەگەڵ پیاواندا دەکەن، لە دەرەوەی ئەفریقاش بڵاوبووەتەوە لە کاتێکدا ئافریکا خانەخوێی بڵاوبوونەوەکەیە.

پسپۆڕانی تەندروستی پێشوازییان لە بڕیاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد بۆ دەرکردنی بەیاننامەی PHEIC کە تا ئێستا تەنها بۆ پەتای کۆرۆنا و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بنبڕکردنی ئیفلیجی منداڵان جێبەجێ کراوە.

لۆڕێنس گۆستین پرۆفیسۆری یاسایی جۆرج تاون لە واشنتۆن دی سی ڕایگەیاند “ئەنجامی دروست ڕوون و ئاشکرایە، ڕانەگەیاندنی باری نائاسایی لەم خاڵەدا دەبێتە لەدەستچوونی دەرفەتێکی مێژوویی.” هەروەها بڕیارەکەی بە بڕیارێکی ئازایەنە ناودێرکرد لە ڕووی سیاسییەوە.

جۆسی گۆڵدینگ بەرپرسی بەشی پەتا و زانستی پەتاناسی لە دامەزراوەی Welcome Trustدەڵێت، بڕیارەکە دەبێت یارمەتیدەر بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە “ناتوانین بەردەوام بین لە چاوەڕوانی تا نەخۆشییەکە پەرەدەسێنێت و ئەوکات دەستوەربدەیەنە بارودۆخەکە”.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و حکومەتە نیشتمانییەکان ڕووبەڕووی فشارێکی توندی زانایان و پسپۆڕانی تەندروستی گشتی بوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی زیاتر لەبارەی پەتای ئاوڵەی مەیموون بگرنەبەر.

لەو کاتەوەی کە لیژنەکە بۆ یەکەمجار لە کۆتایی مانگی 6 دا کۆبووەوە، حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسیەکە بەرزبووەتەوە، کە تەنیا نزیکەی سێ هەزار حاڵەتی تووشبوون هەبووە.

لەو کاتەدا ئەو گروپە پسپۆڕە رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەگەر پەتاکە پەرەی سەند ئەوا سەرلەنوێ بە هەڵوێستی خۆیاندا بچنەوە بۆ ڕاگەیاندنی دۆخی تەنگەتاوی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

یەکێک لەو پرسە سەرەکییەنەی هاندەری دووبارە هەڵسەنگاندنەکە بوو ئەوە بوو ئایا حاڵەتەکان لەناو گروپەکانی دیکەدا بڵاودەبنەوە، بەتایبەتی منداڵان یان ئەوانی دیکە کە لە ڕابردوودا لە وڵاتانی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە تووشی پەتاکە بوون.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا دوو حاڵەتی یەکەمی پەتای ئاوڵەی مەیموونیان لە منداڵاندا دەستنیشان کرد.

ڕۆژی شەممە بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایانگەیاند کە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی پەتای ئاوڵەی مەیموون لە ڕێگەی شێوازە نوێیەکانی گواستنەوەوە دەکۆڵنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button