نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی ٢٠ هەزار شوقەکەیان پڕکردووەتەوە

لڤین:

لە دوای ئەوەی حکومەتی هەرێـم بڕیاری دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان و هەژارنشینان دراو لە دوای ڕاگەیاندنی فۆڕمی پڕکردنەوەی یەکەکان لە ١٧ـی حوزەیرانی ڕابردوو تاوەکو ٤ـی تەممووز، ١١٩ هەزار و ١١٩ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.

لەو ژمارەیەی کە فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە ٨٨% یان خێزاندارن و ١٢% یش هاووڵاتی سەڵتن و دوێنێش پڕۆسەی پرکردنەوەی فۆڕمەکان کۆتاییان هات.

زۆربەی ئەوانەی فۆڕمەکانیان پڕ کردووەتەوە کە ژمارەیان ٥٩ هەزار و ٤١٠ فۆڕم کە دەکاتە ٥٠%ی کۆی گشتی ئەو ژمارەیە لە پارێزگای هەولێرن. هەروەها ٣٠ هەزار و ٦٨٢ فۆڕمیان کە دەکاتە ٢٦% کەس لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ هەزار و ٦٦٣ فۆڕمیان کە دەکاتە ١١% لە پارێزگای دهۆک و ٩٦٦ فۆڕمیان کە دەکاتە ١% لە پارێزگای هەڵەبجە و هەزار و ١٥٧ فۆڕمیان کە دەکاتە ١% لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ١٠ هەزار و ٤٤٣ فۆڕمیان کە دەکاتە ٩% لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ٢هەزار و ٥١٢ فۆڕمیان کە دەکاتە ٢% لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢ هەزار و ٨٦ فۆڕمیان كە دەکاتە ٢% لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن.

ئەو یەکانەی کە دروست دەکرێن بە سێ ڕووبەری جیاواز دەبن، ٢٦% ی ئەو هاوڵاتییانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە داوای یەکەی ٨٠ مەتریان کردووە، ٤٨%ـی هاووڵاتیانیش فۆڕمی یەکە ١٠٠ مەترییەکانیان پڕکردووەتەوە هەروەها ٢٦٪ـیشیان داوای یەکەی ١٢٠ مەتریان کردووە.

دوای وەرگرتنی ئەو فۆڕمانەش هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ دەکرێت و فەرمانیش بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەریمی کوردستان کراوە کە شوێنی شیاو بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە دیاری بکات

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button