فراکسیۆنی یەکێتی: رەنگە ئەم دەسەڵاتەی ئێستای عێراق بەردەوام بێت، چونکە کوتلەکان ناگەنە ڕێککەوتن

لڤین:

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو لایەنانەی دەستپێشخەریان کردووە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە چەقبەستوویی، دەستبەرداری هیچکام لە خواستەکانیان نەبوون، بۆیە دەستپێشخەریەکان ئەنجامیان نەبووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت”هەوڵ هەیە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی، ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیش دەستپێشخەریان ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ لایەکیشیان لە سەقفی داواکاریەکانیان دانەبەزیوون، بۆیە ڕەنگە ئەم دۆخە درێژەی هەبێت.”

جەختیشیکردەوە”باشتر وایە سەڵاحیەت بدرێتە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لەگەڵ هەندێک تەعدیلاتی وەزاری دا، تا ئیشەکانیان ڕایی بکەن، تا ئەوکاتەی کوتلەکان دەگەنە ڕێککەوتن.”

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ نزیکبوونەوەیەک لەنێوان حیزبەکەی و پارتی لە ئارادایە نیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، گوتی”ئێمە پۆستەکە بە حەقی خۆمان دەزانین، ئەوانیش لە سەقفی داواکاریەکانیان دانابەزن، بۆیە گەیشتنە ڕێککەوتن قورس بووە.”

کەریم شکور پێیوایە ئەو دەستپشخەریانەی چی لەلایەن ڕەوتی سەدر و چ لەلایەن هێزە شیعەکانەوە خراونەتەڕوو، دەستپێشخەری نین، چونکە دەستپێشخەری لەکاتێکدا دەکرێت دەستبەرداری بەشێک لە خواستەکانت بیت، تا لەسەر شتێکی هاوبەش ڕێککەوتن بکرێت، وتی”بەڵام ئەوان دەستپێشخەری دەکەن و پێداگیریشن لەسەر داواکاریەکانیان.”

بەپێی وتەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، هەوڵ لەلایەن ئێران و زلهێزەکانیشەوە لە ئارادایە بۆ دەربازکردنی عێراق لەم دۆخە، وتی”گەر تا دوو مانگی تر ڕێککەوتن نەکرێت، ڕەنگە دەسەڵاتی عێراق بەمشێوەیە بەردەوام بێت.”

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەریم شکور ئاشکرایکرد هەندێک لە کوتلەکان پێیانباشە ئەم حکومەتەی ئێستا بەردەوامی هەبێت، چونکە بەرژەوەندیان لەمەدایە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button