حكومه‌تی هه‌رێم دەبێت بڕی 490.08 ملیۆن دۆلار قەرەبوی کۆمپانیایه‌كى كوه‌یتى بكاته‌وه

لڤین:

دادگای تێهەڵچوونەوەی کوەیت بڕیارێکی لەبەرژەوەندیی کۆمپانیای ئەجیلیتیی کوەیتی دا، بەپێی بڕیارەکە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 490.08 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە ئەو کۆمپانیایە.

ئەو قەرزەی هاتووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بوون بە کەفیلیەتی بۆ وەرگرتنی قەرز لەو کۆمپانیایە لەلایەن سیروان بارزانییەوە، کە بۆ کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم) قەرزەکەی وەرگرتووە.

بەهۆی ئەوەی سیروان بارزانی لە 11. 9. 2007 ئەو قەرزەی لە کۆمپانیاکە وەرگرتووە و تائێستا نەیداوەتەوە، کۆمپانیای ئەجیلیتی سکاڵای تۆمارکردووە و بەپێی بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی کوەیت دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە کە 490.08 ملیۆن دۆلارە بیگەڕێنێتەوە.

کۆمپانیای ئەجیلیتی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا ڕایگەیاندووە، دادگا لەبەرژەوەندیی کۆمپانیای (کاراز کاپیتاڵ بارتنرز) بڕیاریداوە کە سەربە کۆمپانیای ئەجیلیتییە.

لە ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە، ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرز دراوە بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە سیروان بارزانی خاوەندارێتیی دەکات 250 ملیۆن دۆلار بووە، سوودی قەرزەکەش ساڵانە 7% بووە.

بەپێی بڕیارەکە دەبێت حکومەتی هەرێم 7%ی سوودی قەرزەکە بداتەوە تاوەکو ئەو بڕە پارەیە بەتەواوی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیاکە، حکومەتی هەرێم لەسەریەتی تێچوو و پارەی پارێزەرەکان دابینبکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button