ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر عەلوە نوێیەکە ھاتە دەنگ

لڤین:
لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ناڕەزایەتی خۆی بەرانبەر كردنەوەی عەلوە نوێیەكەی سلێمانی دەردەبڕێت و ڕای دەگەیەنێت، ئەو پڕۆژەیە كەموكوڕی زۆری هەیە.
لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتاوە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوە و بەشێوەیەكی نایاسایی دەست بەدروستكردنی كراوە، بە بێ مۆڵەت كاری كردووە، تا نزیكی كۆتایی هاتنی پڕۆژەكە ئینجا مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە.
لیژنەکە باسیان لەوەش كردووە، هیچ فەرمانگەیەكی حكومی و پێوەندیدار نەیتوانیوە سەرپەرشتی پڕۆژەكە بكات بۆیە نازانرێت كوالێتی پڕۆژەكە و ئەو مەوادانەی لەدروستكردنیدا بەكارهێنراوە لەچی ئاستێكدایە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەهۆی نزیكی پڕۆژەكە لە كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەڕاپۆرتێك كاریگەری نەرێنی ژینگە و تەندروستی لەسەر هاوڵاتییان هەیە و شوێنی عەلوەكەیان بە نەگونجاو دەزانن.
ئاماژەی بە نوسراوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کردووە کە ڕەزامەند نیە بەپێدانی مۆڵەت بەپڕۆژەكە و داوای چاوخشاندنەوە بە پڕۆژەكەدا دەكات، چونكە هیچ مەرجێكی ژینگەیی و تەندروستی بۆ لەبەرچاو نەگیراوە.
دروستكردنی ئەو عەلوەیە چەندان جار كێشەی هەبوو، چەند جارێك روونكردنەوەی لەسەر دراوە كە دروست نەكرێت، دواجار دروست كرا و دوێنێ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی کرایەوە.