بریکاری وەزارەتی ناوخۆ:
پێویستە چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكان بکەن
لڤین:بریکاری وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، پێویسته هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئاستی باڵا، هەوڵی چارەسەركردنی کێشەی موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكان بدەن و موچەکانیان لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت.
لیوا چەتۆ ساڵح، ئهمڕۆ یهكشهممه، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای سلێمانی كرد و لەلایەن ساڵح عوسمان، بەڕێوەبەری نشینگەکە و بەڕێوەبەرەكانی پاسپۆرت، كارتی زانیاری و رەگەزنامە و بەشێك لە ئەفسەرانەوە پێشوازیی لێكرا.
بەڕێوەبەری نشینگەی سلێمانی لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانگەكان رایگەیاندووە، ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە زیاتر لە 70 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە “ئەمەش بووەتە مایەی ئەوەی كە بارگرانییەكی زۆر لەسەر ئەفسەران و كارمەندانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دروست بكات.”
ئاماژه بهوهشكراوه “كێشەی موچە تەنیا لەم مانگەدا سەری هەڵنەداوە، ساڵی رابردووش چەندین موچەی ئەم فەرمانگانە نەدرا، هەروەها لە ساڵی نوێشدا هیچ موچەیەكیان وەرنەگرتووە.”
لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی له كۆبوونهوهكهدا ئاماژهی بهوهكردووه “ئەم فەرمانگانە نموونەیی بوون لەكاركردندا، بۆیە پێویستە موچەكانیان لەكاتی خۆیدا بدرێت كە مافێكی سادەی خۆیانە”.
راشیگهیاندووه، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئاستی باڵا ئاگاداركراونەتەوە و پەیوەندییان بە قوباد تاڵەبانی و چەند بەرپرسێک باڵای دیکەوە کردووە و لە هەوڵەكانیشیان بەردەوام دەبن، بۆ ئهوهی ئهو كێشهیه بە زووترین كات چارەسەر بكرێت.