تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی:
وەزارەتی تەندروستی سیاسیەتێكی گشتگیری نیە
لڤین: تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی، لەبارەی كۆرۆنای گۆڕاو، رەخنەی توند لە وەزارەتی تەندروستی دەگرێ و دەڵێت، وەزارەتەكە یەك سیاسیەتی گشتگیری نیە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە راگەیەنراوێكدا، لێدوانی هەریەكەلە دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و سەباح هەورامی، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هێناوەتەوە و دەڵێت “جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە لە كاتێكدا دلوڤان محەمەد ڕاستگۆیانەتر دەڵێ ڤایرۆسەكە لە دەستدەردەچێ بەڵام سەباح هەورامی بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی زۆر گەشبینە و گوایە وەكو خۆی دەڵێ دۆخەكە لە دەستدەرناچێ”.
باسی لەوەش كردووە ئەم جیاوازییە لە لێدوانەكانی بەرپرسە تەندروستیەكان سەرلێشێوان و نارۆشنی لای خەڵك دروستدەكات. هاوكات ئەوەش دەردەخات كە سیاسەتێكی گشتگیر لە لایەن وەزارەتی تەندروستی بوونی نیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا.
دەشڵێت، پێدەچێ بەرپرسە تەندروستیەكان بۆ مەرامی سیاسی و ناوچەیی هەر یەكەو لە ئاوازێك بخوێنن. ئێمە داوا لە بەرپرسە تەندروستیەكان دەكەین لە پێش ئەوەی قسە بۆ ڕاگەیاندنەكان و خەڵك بكەن، هیچ نەبێ لەناو خۆیانا كۆبنەوە و لەسەر ڕایەك رێككەون.
ئەو رێكخراوە راشیگەیاندووە “نەك گومان بەڵكو دڵنیان كە ڤایرۆسەكە تەشەنە دەسەنێت و تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی ناتوانن كۆنترۆڵی كەن”.