بەڤیدیۆ… بۆیەکەمجار بزانە تورکیا لە گارە چی جێهێشتووە؟

لڤین:
لە دوای ئەوەی سوپای تورکیا لە ١٠ی ئەم مانگە هێرشی کردە سەر گارە، بۆیەکەمجار لە نزیکەوە ڤیدیۆی کامپی دیلەکان و ئەو شوێنانەی سوپای تورکیا بۆی چووبوون و بڵاو کرایەوە، وەک لە ڤیدیۆکەشدا دەردەکەوێت سوپای تورکیا گەلێک کەلوپەلی جێهێشتووە و گەریلایەکیش ڕوونکردنەوە دەدات.
بۆیەکەمجار دیمەنی شوێنی بۆردوومانکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا و ئەو شوێنانەی سوپای تورکیا بۆی چووبووە چیای گارە، لە لایەن ئاژانسی فوراتنیوزەوە بڵآو کرایەوە.
وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، ئەشکەوتی شوێنی ڕاگرتنی دیلەکانیان خاپوور بووە و ژینگەی ناوچەکەش بەتەواوی خاپور بووە و بە پێی ئەو پاشماوانەی کە سوپای تورکیا لە شوێنی خۆیان بەجێیان هێشتووە و پێڕانەگەیشتوون لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە، ئاشکرا دەبێت کە سوپاکە “ئامانجی مانەوە بووە لە گارە، چونکە وەک دیارە لەگەڵ خۆیان گوێنی، پاچ و خاکەنازیان بردووە بۆ سەنگەر لێدان و مانەوە لە گارە، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکان وایکردووە، کە نەگەنە ئامانجی خۆیان، لە دوای زیانی زۆر بە ناچاری پاشەکشەیان پێکراوە”.
لە دیمەنەکەدا گەریلا هۆگر مەد لە شوێنی ڕاگرتنی دیلەکاندایە و بە ڕوونی پیشانی دەدات، کە ئەو ئەشکەوتەی سەربازە دیلەکانی تێدا بووە چۆن لەگەڵ خاکدا یەکسان کراوە و بەو شێوازە “سوپای تورکیا دیلەکانیان لە ئەشکەوتەکەدا کوشتووە”.
جگەلەوە سوپای تورکیا لە پاش خۆیان بڕێک دەرمان، خۆراک و فیشەک و مەخزەنی چەکی M16 و ماسکی دژە کیمیاویان بە جێهێشتووە.