لڤین: سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بەهۆی نەمانی شەراكەتەوە دۆخی عێراق وێران بوو و داعش زۆر شوێنی عێراقی داگیركرد، ئێستاش هەوڵ دەدرێت شەراكەت نەمێنێت.
نێچیرڤان بارزانی، لە وتارێكدا لە ڕۆژی شەهیدی محەمەد باقر حەكیم لە هەولێر ڕایگەیاند “واقعی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد بە دڵی ئێمە و هەندێك لایەنی شیعە نییە و ئەگەر شەراكەت نەبێت دۆخی عێراق لە ئێستا خراپتر دەبێت”.
راشیگەیاند، هەموو پەراوێزخستنێك زیاتر عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات، وتیشی: پێشكەوتنی هەرێم دەبێت دڵی هەموو عێراقییەك خۆشبكات، چونكە پێشكەوتنی هەرێم یانی پێشكەوتنی بەشێك لە عێراق و هەرێم بەشێكە لە عێراقی فیدراڵ.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشكرد ناكۆكی سیاسی هەمیشە وایكردووە عێراقییەكان لە ناخۆشیدا بژین و سود لەو سامانە وەرنەگرن كە هەیەتی وتیشی “هۆشداری دەدەین لە پەراوێزخستنی لایەنەكانی عێراق و ئەگەر هەر لایەنێك پەراوێز بخرێت ئەوا دۆخەكە لە ئێستا زیاتر خراپتر دەبێت”.