لە ئێستادا زیاتر لە 700 کۆچبەر لە لەمپی سەرسنوری بیلاڕووسیا ماونەتەوە

لڤین:
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەپـێی دوایـین ئامار تا ئێستا نزیکەی 700 کۆچبەر لەسەر سنوری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەکانن و نزیکەی 250 کۆچبەریش لە پایتەختی بێلاڕووس لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندان.
ئاری جەلال لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند ” لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاو کۆچبەر لە سنوری بێلاڕووس گیریان خواردووە، بە پێی دواین ئامار نزیکەی 700 کەسمان هەیە کە لەو جەنگەڵانە و سنورەکان گیرییان خواردووە، ئەمڕۆ(چوارشەممە) نزیکەی 30 کەس بەرەو فڕۆکەخانە و بەرەو ناوشار و مینسک گەڕانەوە، ئامانجی ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەیە هەرچۆنێک بێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەمە زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێک بێت لە لایەن پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەو وڵاتانەی هاوسنورن لەگەڵ بێلاڕووس ڕێگەیان پێ نادرێت سنور ببەزێنن بۆ وڵاتانی ئەوروپا”.
سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی” لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوو نزیکەی 9 هەزار هاوڵاتی عێراقی و هەرێم ڕووییان لە بێلاڕووس کردووە، ڕێژەیەکی دەرچووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەکی کەمە، ئەوەشی کە ماوەتەوە زۆربەیان خوازیارن بگەڕێنەوە بەڵام ئەو بڕە مادەیەی کە خەرجیان کردووە پێویست دەکات لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای کۆچی نێودەوڵەتی قەرەبوو بکرێنەوە هەتا بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە”.
وتیشی”ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژبەڕۆژ لە پاشەکشەدان لە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە، چونکە ئەوان وای دەبینن ئەو کۆچبەرانە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریەوە کۆچیان کردووە، نەک کەیسێکی واقیعی کە مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان”.
ئاری جەلال ئەوەشی وت” جگە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کە لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی عێراقیەوە زیاتر لە 4000 کەسی لەو کۆچبەرانە گەڕاندۆتەوە ئەگەرنا تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی تر نەکراون”.