شاسوار عەبدولواحید: کاک مەسعود بارزانی تەلەفۆنی بۆ نەکردووم

لڤین:
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەتیدەکاتەوە بارزانی پەیامی بۆ ناردبێت، دەڵێت ئەوانە هەمووی دیعایەیە و ئێمە هێزێکین خۆمان نافرۆشین.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین کاندیدەکەمان دەرناچێت، بەڵام دەمانەوێت بە لایەنە عێراقیەکان بڵێین یەکێتی و پارتی بەتەنها نوێنەرایەتی کورد ناکەن نەوەی نوێش هەیە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاند، ئەوان مەرجیان هەیە بۆ دەنگدان بە کاندیدی یەکێتی و پارتی کە ١٠ مەرجیان هەیە، ٤ خاڵیان دەبێت دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن.
دوینێ هەندێک میدیا ئاشکایان کرد کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامی بۆ نەوەی نوێ ئەوە بووە تەنها بێلایەن بن و دەنگیش نەدەن بە کاندیدی پارتی ئاساییە، بەڵام دەنگ بە کاندیدی یەکێتیش نەدەن.
لەو بارەیەوە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی: پێم سەیرە ئەگەر کاک مەسعود پەیوەندی کردبێت بەس من و ئەو دەیزانین، دەبێت یەکێکمان ئاشکرای کردبێت، بەشێک لەم دیعایانە ئەوەیە کە نەوەی نوێ خۆی نافرۆشێت.
هەردوولایەنەکە پەیوەندیان پێوەکردووین داوایان لێکردووین پێویستیان بە دەنگی نەوەی نوێ و هاوپەیمانەکانیان هەیە، دەنگنەدانمان دەچێتە خزمەتی کێوە کەیفی خۆیانە.
ئەو وتیشی: ئەگەر دەنگەکانمان بفرۆشین ناتوانێت دەنگی بەرز بکاتەوە، تەحەدای هەموو لایەنە عێراقیەکان و هەرێمی کوردستان دەکەین، با بڵێن نەوەی نوێ داوای پۆستێک یان شتێکی کردووە.
شاسوار عەبدولواحید، ئەوەشی وت: ئەبێت پێش ٧ی شوبات هەندیک لەم خاڵانە جێبەجێ بکرێت و ئەوانەی دیکەش واژۆی جێبەجێکردنیان بکرێت.