سەنتەری میترۆ: ساڵی ڕابردوو ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان تۆمارکراوە

لڤین:
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا، ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە .
سەنتەری میترۆ بۆداکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بۆ ساڵی ڕابردوو(٢٠٢١) بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ٣٥٣ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ٨١ حاڵەتی هێرش و لێدان بۆسەر ڕۆژنامەنوسان تۆماركراوە و ١٨٩ حاڵەتی جیاکاری و نەهێشتنی ڕوماڵ هەبووە لەگەڵ ٢٥ دەستەبەسەرداگرتنی کەلوپەل و حەوت حاڵەتی تیکشاندنی کەرەستەی ڕۆژنامەنوسیدا.
سەنتەری میترۆ لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ساڵی رابردوودا ١٣ حاڵەتی هەڕەشە و شەش حاڵەتی وەرگرتنی بەڵێننامە و یەك حاڵەتی تەقەکردن و دوو حاڵەتی هەڵکوتانە سەر کەناڵ و داخستنیان هەبووە.