جوتیار عادل: قەرەبووی زیان لێکەوتوانی هەردوو لافاوەکەی هەولێرمان کردووەتەوە

لڤین:
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند قەرەبووی زیان لێکەوتوانی هەردوو لافاوەکەی هەولێریان کردووەتەوە، سزای ئەو کەسانەش دەدەن کە پێوەری ئاو کارەبا لێدەکەنەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ٨٠٪ی هاوبەشانی کارەبا پێوەری زیرەکیان بەستووە، هەنگاوێکی زۆرباشە ڕێگری لە سوتانی مۆلیدە و کۆکردنەوەی داهات کردووە، گرفت هەیە دەبێت پێداچونەوەی بۆ بکەن لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، هەندێک کەس و گروپ هانی خەڵک دەدەن کە پێوەری کارەبا و ئاو لێ بکەنەوە، ئەوانەی ئەو کارە گێرەشێوێنیە دەکەن ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی: لەبەر ئەوەی خەڵکی ناوشارەکان داهاتیان باشترە بۆ لەمەودوا نەوتی سپی بە ٩٠ هەزار دابەش دەکرێت و لە شوێنە سارد و دورەدەستەکاندا بە ٥٥ هەزار دابەش دەکرێت.
لە وەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا وتی: حکومەت زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی قەرەبوو کردووەتەوە داتامان هەیە، لەلایەن حکومەتەوە قەرەبوو کراونەتەوە، نەک تەنها لافاوی یەکەم بەڵکو لافاوی دووەمیش قەرەبوو کراونەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئەو خشتەیە پارێزگاری هەولێر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵآویکردەوە حکومەتی هەرێم هیچ پارەیەکی بۆ قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیان تەرخان نەکردووە.