سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەمەدی پەسەند کرا

لڤین:
دەزگای دادوەری سنە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی، رەتكردەوە و سەپاندنی سزاكەی پەسەندكردوەو ماوەیەكی كورتی دیاریكردوە بۆ خۆڕادەستكردنی زارا محەمەدی.
ئەنجومەنی فەرمانگی كۆمەڵایەتیی نۆژین، لە راگەیەندراوێكدا دوینێ بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، پاش ئەوەی سەرجەم رێگا بەناو یاساییەكانیان لە قۆناغەكانی دادگای سەرەتایی و دادگای پێداچونەوەو دیوانی باڵا گرتونەتەبەر بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سزای سەرەڕۆیانەو نادادپەروەرانەو بێبەڵگەی پێنج ساڵ زیندانی بەسەر خاتو زارا محەمەدی”، بەڵام دیسانەوە ئەو سزایە لەلایەن بەرپرسی گشتی دەزگای دادی پارێزگای سنەوە پەسەندکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە وێڕای دیاریكردنی ماوەیەكی كورت بۆ خۆڕادەستكردنی خاتو زارا، سزاكەیشی رەوانەی بەشی جێبەجێكردنی حوكمەكانی دادگا كراوە.
زارا محەمەدی لەمانگی ئایاری 2019 دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی 700 میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سەرەتای سزاکەی بە 10 ساڵ زیندانی کردن بوو بەڵام دواتر کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ و لە ئێستاشدا ئەو پێنج ساڵە پەسەند کراوە.