ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە

لڤین:
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێررایگەیاند، لە ساڵی 2021ـدا نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە و بەهۆی سەریساڵەوە چاوەڕێ دەکەن 2 ملیۆنیش رەتبکات.
ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگەیاند “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 23ی ئەم مانگە، ژمارەی گەشتیاران گەیشتووەتە ملیۆنێک و 971 هەزار و 522 گەشتیار و چاوەڕێ دەكەین بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە، دوو ملیۆنیش تێپەڕێنێت”.
ئەو وتوشیەتی “ئەو ئامارە لە ڕێگەی بازگە سنوورەییەكانی پایتەخت و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە شێوەیەكی ورد و زانستی تۆمار دەكرێن”.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئەوەشی ئاشکرا کرد “لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بۆ بایەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتیاری و پلانەكانی ئێمە بۆ گەشتیارانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دامانناوە، چاوەڕێ دەكەین لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران زیاتریش هەڵبكشێت”.