چیرۆكی هاریوان عیسا لە دادگاییەكەی دوێنێدا

لڤین: هاریوان عیسا ئەو گەنجەی دوێنی بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا تۆمەتێكی ئەوە بووە كە كارتێكی 5 ھەزار دیناری كۆڕەكی بۆ كەسێك ناردووە، هۆكارەكەشی ئەوە بووە كە وتیەتی هاوڕێمە و زانیومە وەحدەی پێنیە.

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان كە دوێنێ لە دادگاییەكەدا ئامادە بوو چیرۆكی دادگاییەكەی هاریوان عیسا دەگێڕێتەوە و دەڵێت لەبەردەم دادگا یەكێك لە تۆمەتەكانی روبەڕووی كراوەتەوە ئەوەبووە كە وێنەی كێڵگەیەكی نەوتی لە گوندێكی ناوچەی سمێل بۆ ڕاپۆرتێك ناردووە بۆ شێروان شێروانی.

دەقی چیرۆكی دادگاییەكەی هاریوان عیسا:

ھاریوان، عەشق لە زینداندا
ھاریوان دۆستێكی خۆشەویستم بوو، بەتەمەن حەوت ساڵ لە من منداڵتربوو، بەڵام ژیرو سەنگین، ھەمیشە پرسیاری جدی ھەبوو..
ھەركاتێك چوبام بۆ دھۆك ئەو لە سمێڵەوە دەھات..
ھەفتەیەك پێش دەستگیكردنی ژنی مارەبڕیبوو بەنیازبوو لە زووترین كاتدا بچێتە ژیانی نوێی ھاوسەرگیری، ئێستا دەستگیرانەكەی چاوەڕێی ئازادبونی دەكات بۆ دەستپێكی ژیانێكی نوێ.
ھاریوان، چاوەڕێی ئاھەنگی دەرچون بوو، بەڵام ھەفتەیەك پێش ئاھەنگی دەرچون دەستگیكرا..
ھاریوان لە دایكبوی ساڵی ١٩٩١ــەو كۆلیژی وەرزشی تەواوكردوە..
دانپێدانانی ئەریوان خوێندرایەوە..
داخلی گروپێكی مێسنجەری زانیاری كراوم لە ٢٠٢٠ م ..
شێروان داوای زانیاری لێكردم لەسەر تیرۆری سیاسی و ڕۆژنامەنوسان. شێروان شیروانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پەرتوكێك بوە لەسەر تیرۆری سیاسی لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠ ..
ھاریوان وێنەی كێڵگەیەكی نەوتی سمێڵی بۆ شیروان ناردبوو
ھاریوان لەبەردەم دادگا وتی:
من لە ھیچ كارێكی سیخوڕی و كوشتن و گروپی چەكدار تێوەنەگلاوم..
لەو گروپەش ھیچ شتێكی سیخوڕی و كوشتنمان باس نەكردوە..
وتی: شێروان داوای زانیاری لێكردم لەسەر كێڵگەیەكی نەوت لە گوندێكی ناوچەی سمێل و وتی ڕاپۆرتم لەسەری ھەیە، منیش لە ھاوڕێیەكی خۆم كە خەڵكی گوندەكەیە وەرمگرت و بۆم نارد..
پاریزەرەكەی وتی: ئەوە بەدواداچونی ڕۆژنامەوانی بوە بۆ گەندەڵی نەوت و بردنی نەوتی ئەوكێڵگە…
من ھیچ زانیاریەكیشم لەسەر تیرۆری سیاسی نەدا بەشیروان، چونكە زانیاریم لانەبوو، ھیچیشم لەسەری نەدەزانی..
تۆمەتێكی تری ئەوەبوو، گوایە لە مێسنجەر بە كەسێكی وتوە: حكومەت لە نەخۆشخانە خەڵكی كوشتوە گوایە كۆرۆنایەتی .. ئێوەش نەخۆشی كۆرۆناكەتان ببەنە بەخۆشخانە بە ساخی نایەتەوە..
نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش، وتی: ئەمە دروستكردنی تۆمەتە..
رەتیكردەوە كە مەبەستی ئەوەبێت حكومەت خەڵك دەكوژێت..
تۆمەتێكی دیكە ئەوەكارتێكی 5 ھەزار دیناری كۆڕەكی بۆ كەسێك ناردووە.
وتی: ھاوڕێمەو زانیومە وەحدەی نیە، كارتێكم بە دیاری بۆ ناردوە…
دادوەر وتی: كۆتا قسەت چیە..
وتی: من ھیچ كارێكی سیخوڕی و گروپی كوشتن و چەكداریم نەكردوە، من ڕۆحی وەرزشیم ھەیە، ڕۆحی وەرزشی دژی كوشتن و سیخوڕی و توندو تیژیە…
ھیچ بەڵگەیەك نەخرایەڕوو كە بەشێك بێت لە گروپێكی تیرۆر و كوشتن… بەڵام بەو تۆمەتە حوكمی شەش ساڵ زیندانی بۆ دەركرا…
عەلی حەمە ساڵح

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button