لەئیسفەهان؛ ١٢٠کەس دەستگیرکراون و کوژراویش ھەیە

لڤین:
لەئرنجامی ناڕەزاییەکانی دوێنێی هاوڵاتیان لە شاری ئیسفەهانی ئێران لانیکەم ١٢٠ کەس دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی “دەستگێرد”ی ئەو شارە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرایکردووە، کە سێ کەس لە ناڕازیان بە ئامبوولانس براون بۆ بەشی “تەندروستی و ساردخانەی” زیندانی دەستگێرد و ئەگەری هەیە ئەو هاوڵاتیانە کوژرابن.
ڕێکخراوەکە لەسەر زاری سەرچاوەکانییەوە سەبارەت بە دەستگیرکراوان نووسیویەتی “بەساڵداچووان، ژنان، گەنجانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ و گەنجانی تەمەن ٣٠ ساڵ لەناو دەستگیرکراواندا بینراون.”
ئەو سەرچاوانە وتوویانە، دۆخی گرتووخانەکان بەتەواوی سەربازیە و بە توندوتیژترین شێوە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەستگیرکراوان دەکرێت.
هاوکات ئاشکرایان کردووە، کە دوو پیاوی بەساڵداچووی تەمەن ٦٥ ساڵ و ٧٠ ساڵ بەهەڵە گواستراونەتەوە بۆ هۆڵی ژمارەی ٢ی زیندانی دەستگێرد، باری تەندروستییان زۆر ناجێگیربووە و دەموچاویان خوێناوی بووە.
سەبارەت بە دەستگیرکراوەکانی دیکەش خستوویەتە ڕوو، کە هەندێکیان بەسەختی برینداربوون و یەکڕاست براون بۆ ناوەندی تەندروستی زیندانەکە، بەڵام دیار نەبووە کە بە گولـلە برینداربوون یان لێیان دراوە.
سەبارەت بە ئەگەری گیان لەدەستدانی سێیان لە ناڕازییانیش، ئەو ڕێکخراوە لەسەر زاری سەرچاوەکانییەوە ئاشکرایکردووە، کە سێ کەس بە سەختی برینداربوون، یەکسەر براون بۆ ناوەندی تەندروستیی زیندان کە تایبەتە بە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ساردخانەی تێدایە.
ڕۆژی هەینی هاوڵاتیان لە شاری ئیسفەهان لەناو ڕووباری وشکبووی “زایەندەڕوود”دا گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەبڕی بەرامبەر بێئاوی.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ناڕازییان، هێزە ئەمنییەکان هەوڵییان دا ڕێگری بکەن لە هاوڵاتیان بۆ بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکەدا، ئەوەش گرژی لێکەوەتەوە لەنێوان ئەو هێزانە و هاوڵاتیاندا.
تێکهەڵچوونی هاوڵاتیانی ناڕازی و هێزە ئەمنییەکان لە ڕووبارەکەوە کێشرایە سەر شەقامەکان و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان کرد بە تەقەکردن لە ناڕازییان بە چەکی ساچمەیی.
بەپێی هەواڵەکان ناڕەزایی هاوڵاتیان لە ئیسفەهان تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوایی هەبوو و هێڵی ئینتەرنێتیش لەو شارە لاوازکراوە و هەندێ کاتیش پچڕاوە.