هاوپەیمانی هیوا:

هێرشە موشەكیەكەی هەولێر و بڕیاری دادگا دژی چالاكوانان زادەی یەك بیركردنەوەیە

لڤین: هاوپەیمانی هیوای كوردستانی بڕیاری دادگای هەولێر دژی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان و هێرشی موشەكی سەر هەولێر رەتدەكەنەوە و رایدەگەیەنن هەردووكیان زادەی یەك بیركردنەوەن.

هاوپەیمانی كورستانی كە لە 16 پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد پێكهاتووە لەبارەی بڕیاری دادگای هەولێر لە دژی چالاكوانانی بادینان كە سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوس دەركرد راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند: دادگای (۲) ی كەتنی شاری هەولێر لەژێر فشاری سیاسی حوكمی زیندانی كردنی (6) ساڵی بەسەر ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی ئازادیخوازی بادینان سەپاند.

ئوان سزای ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسە رەتدەكەنەوە و دەڵێت “پێمانوایە سەرتاپای پرۆسەكە سیاسییە و ھەنگاوێكی تری ترسناكە بە ئاراستەی سەپاندنی حوكمی پۆلیسی و ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان”.

سەبارەت بە هێرشە موشەكیەكەش، سەرەڕای ئیدانەكردنی هێرشەكە داوای لێكۆڵینەوەی بێلایەنانە و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیەیان كردووە داوای دیاریكردنی لایەنی كەمتەرخەمیش دەكەن كە بە خەرقێكی ئەمنی ناویان هێناوە.

ئەو هاوپەیمانێتیە راشیگەیاندووە “هەردوو روداوەكە زادەی یەك بیركردنەوەن كە لە هەمان كاتدا بە دوو ئاڕاستەی جیاواز، بەڵام هاوشێوە” دواشیان لە ڕای گشتی كوردستانی و ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە “لە ئاست سەركوتی رۆژنامەوانیی و ئازادیی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبن چونكە دیارە هێزە ستەمكارەكان سود لە بێدەنگیی هەموان دەبینن بۆ بێدەنگكردنی ئازادیخوازان”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button