یەکگرتوو دوو رێکەوتنی زارەکی بۆ هەڵبژاردن کردووە

لڤین:

یەکگرتووی ئیسلامی لە هەوڵی دوو رێکەوتندایە بۆ هەڵبژاردنەکان و بزوتنەوەی ئیسلامی بەڵێنی پیداوە دەنگەکانی هەڵەبجە بدرێت بە کاندیدەکەیان .

سەرچاوەیەک لە یەکگرتووی ئیسلامی بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، سەرکردایەتی لە ماوەی رابردوو بۆی دەرکەوت کە بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنە وەک پێویست نابێت ئەوەش زیانمەندی یەکەم تیایدا لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەبن چونکە ئەو خەڵکەی ناچێت بۆ دەنگدان پێشتر دەنگدەری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بوون.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد: هەر بۆیە یەگرتوو لە هەوڵدایە رێکەوتن بکات لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئەوەش لە هەفتەی رابردوودا لە ئاستی باڵادا رێکەوتنێکی زارەکی لە نێوان بزوتنەوە و یەکگرتوو کراوە.

ئاماژەی بەوەکرد کە رێکەوتنەکە بە جۆرێکە دەنگەکانی بزوتنەوە لە هەڵەبجە بدرێت بە یەکگرتوو، لە بەرامبەردا دەنگەکانی یەکگرتوو لە کەرکوک بدرێت بە کاندیدەکەی بزوتنەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بە رێکەوتنێکی دیکە کرد کە قسەی لەبارەوە کراوە لە نێوان کۆمەڵ و یەکگرتوودا ئەویش بۆ دەنگەکانی ناوشاری سلێمانی لە بازنەی یەک دەنگەکانی کۆمەڵ بدرێت بە کاندیدی یەکگرتوو، بە هەمان شێوە دەنگەکانی یەکگرتوو لە بازنەی دوو بدرێت بە کاندیدی کۆمەڵ.

لەبارەی بە فەرمی راگەیاندنی ئەو رێکەوتنانەوە سەرچاوەکەی لڤین باسی لەوەکرد تا ئێستا رێکەوتنی کۆتایی نەکراوە بەڵام بە زارەکی بووە.

ئاماژەی بەوەشکرا کە یەکگرتوو چاوی لە دەنگی ئەو دوو حزبە ئیسلامیەیە لە سنوری بادینانیش کە دوو کاندیدیان لەو پارێزگایەدا هەیە.

لە ئێستادا لە دوو بازنەی هەولێر و سلێمانیدا کۆمەڵ و یەکگرتوو کە هەردکیان کاندیدیان هەیە رکابەری یەکرتی دەکەن بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەردولا رکابەری ئەو دوو بازنەیە کار نەکاتە سەر دەنگەکانیان لە بازنەکانی دیکەدا.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button