رێفراندم؛ باینجان بە تامی کولەکە

(١)

ئەوڕۆ بەشداریم لە دەنگدانی رێفراندمی سەربەخۆیی كوردستان كرد، دەنگم بە بەڵێ دا، ناعەدالەتی، دزی، گەندەڵی،
شكاندن و بەسوك سەیركردنی مرۆڤی کورد، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تەنانەت كوشتنی رۆژنامەنووسان و هەزاران ناحەقیترم لەبیرەخۆم بردەوە كە دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی کردیان، بێ وڵاتی وایلێكردم دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرێمێك بدەم کە دەشزانم لە داهاتوو حوکمڕانەکانی ئەگەر بەهۆیەوە ببنە دەوڵەت، ئەوەندە بەهێز دەبن، تەنانەت رێگەم نادەن جريوه‌یەكیش له‌ تويته‌ر پۆست بكه‌م، بەڵام ئەگەر دەنگم بەڵێ نەبایە ده‌متوانی چیبكەم، ئاخر هيچ شتێك له‌ بێ ماڵى ناخۆشتر نیە، هەرچۆنێك بێت ئاڵای كوردستان
هەزارجار لە ئاڵای عێراق جوانترە…

(( کورتەی وتارێکمە کە لە ئێوارەی بیستوپێنجی نۆی ساڵێ دوو هەزار و حەڤدە لە سایتی لڤین بڵاوکرایتەوە))

(٢)

هەموو ئەوانەی ئەوڕۆ بە سوکایەتیەوە قسە لەسەر رێفراندم دەکەن (جگە لەو گروپەی شاسوار عەبدولواحید رابەرایەتی دەکردن و دەیانگوت ” نەخێر لە ئێستادا” ) ئەوکات ئەگەر دەنگیان بەڵێش نەبووبیت، بێدەنگ بوون.

(( رەنگە بەشێک لە ئەندامەکانی بەرەی “نەخێر لە ئێستادا” بیرکردنەوەی قوڵیان نەبووبێت و تەنها لە رقی بارزانی تێکەڵیان بووبن، بەڵام عەڕابەکانی بە مەنتیقی بیریان کردبووەوە، “نەخێر لە ئێستادا” واقیعیتر بوو))

(٣)

جگە لە کتێبەکەی مەسعود بارزانی (بۆ مێژوو) هیچ کتێبێکی دیکە بەشێوەی وەسائقی لەسەر ریفراندمی هەرێمی کوردستان نەنووسراوە، هەڵبەت دەبی ئەوەش بڵێم کتێبی (بۆ مێژوو) زانیاری کەمی تێدایە، زۆر شت کە دەبوایە باسبکرێت، تێیدانیە، بەڵام جگە لەو کتێبە، دیراسەیەک، یان هیچ پەرتوکێکی ئەکادیمی دیکە نەنووسرایە کە بە شێوەیەکی زانستی رەخنە لە کەموکوڕیەکانی رێفراندمی کوردستان بگرێت.

(( بێ دەوڵەتی کورد رەنگدانەوەی جۆری بیرکردنەوەی خۆیەتی، هۆشیاری ئەوەمان نیە بزانین ئەو هەموو نەهامەتیەی بەسەرمان دێت، لەسەر هەمان هەڵە دووبارەکانە، مەعقولە بەرەیەکی زەبەلاحی بارزانی و دژە بارزانی بابەتی رێفراندم تەنها لە جنێودان کورتبکەنەوە، ئەو ناوەندەی دژی بەرەی ریفراندم (بارزانی)ە، تەنها بە جنێو و تەشهیر باس لە رێفراندم دەکەن، تەنانەت کاڵفامی سیاسی نوخبەکانیشیان تا ئەو ئاستەیە کە رێفراندم بە پرۆژەی بارزانی و ئەردۆگان بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی ناوببەن، بەرەی رێفراندمی بارزانیش لە قسەی بازاری هەتا ئەو ئاستە دەچن کە بێژن “ئەوەی دژی ئەو رێفراندمە بووە، گەوادە…)

(٤)

مەسعود بارزانی پێش رێفراندم لە تەلەفزیۆن گوتی ” ئەگەر بەتەواوەتی دڵنیا نەبم کە مەسەلەی سەربەخۆیی شتێکی جدیە، بەرهەمی دەبی، من چۆن موجازەفە بە چارەنووسی میلەتی کورد دەکەم”، لە بیستی چاری دوو هەزار و حەڤدەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە هەولێر کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بوو، گوتی ” ئەوانەی رەخنەیان لە رێفراندم هەیە، وابزانم زۆر باش لە دۆخەکە تێنەگەیشتوون”.
محەمەد حاجییش کە راوێژكاری سیاسی مەسعود بارزانی بوو لە سەرەتای مانگی پێنجی دوو هەزار و حەڤدە لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هەفتەنامەی باس گوتی” وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیە‌و، ئیمارات‌ و هەندێك وڵاتی دیکەی عەرەبی پشتیوانی ئەنجامدانی رێفراندم دەكەن، شاندە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەكانیش بۆچوونیان نێگەتیف نەبووە لەسەر پرسی ریفراندم ‌و چارەنووسی گەلی كوردستان”.

(( بەڵام دواتر دەرکەوت موجازەفە بە چارەنووسی میلەتێک کرایە، جگە لە دژایەتی، هیچ وڵاتێکی جیهان پشتگیری رێفراندم نەبووە، دوای رێفراندمیش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن، بە بەیاننامەیەك رێفراندمی كوردستان و ئەنجامەكەی بە ناشەرعی ناوبرد))

(٥)

مەسعود بارزانی لە لاپەڕە سەدویازدەی کتێبی ( بۆ مێژوو) دەڵێ ” دواتر دەرکەوت پێش پازدەی ئۆکتۆبەر کە ئێمە لە ماڵی خودالێخۆشبوو مام جەلال لە هاوینە هەواری دوکان کۆبووینەوە، هەندێ کەسی ناو یەکێتی رێکەوتنیان بەبێ ئاگاداری سەرکردایەتی کوردستان کردبوو، تەنانەت بەشێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ئاگاداری ئەو رێکەوتنە نەبوو کە بەهۆیەوە کەرکوک رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئێرانی و عێراقی کرا..”.

(( بێگومان هۆکاری سەرکەوتنی ئەو جۆرە رێکەوتنەی بارزانی باسی دەکات، بوونی دوو هێزی پێشمەرگە بووە))

(٦)

لە لاپەڕەی شەستویەکی هەمان کتێبیش ( بۆ مێژوو) دەڵێت” من هەر لە ساڵی دوو هەزار و دەوە هەستم بەوە کرد کە عێراقی تازەی دوای دوو هەزار و سێ بەرەو هەڵدێر و تاکڕۆیی دەڕوا”.

((دوو هەزار و دە تاڵەبانی حاکمی موتڵەقی یەکێتی بوو، بە پشتیوانی بارزانییش سەرۆک کۆماری عێراق بوو، بارزانیش بە پشتیوانی تاڵەبانی تاکە حاکمی کوردستان و سەرۆکی هەرێم بوون(نێوانیان زۆر خۆش بوو)، جەنابی بارزانی حەقی ئێمە نیە لێت بپرسین بۆچی ئەوکات لەگەڵ تاڵەبانی بیرتان لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەکردەوە؟!))

(٧)

چەند رۆژێک دوای شازدەی ئۆکتۆبەر بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی( France 24)ی فەڕەنسی گوتی” لە پەنجا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی سیوهەشتیان پشتگیریی کشانەوەیان لە کەرکوک کردووە”
بێگومان پێش شازدەی ئۆکتۆبەر رێکەوتنێک لەنێوان بەشێک لە خانەوادەی تاڵەبانی و یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی کرایە، بەڵام بەتەواوی روون نیە کە چۆن رێککەوتوون، کەس نازانێ وردەکاری ئەو ئیتیفاقەی نێوانیان چیە.

(( کورد لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر تەنها کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستانی لەدەست نەدا، ئەو شکۆ و رێزە جیهانیەش کە بەهۆی شەڕ لە دژی بەرەی تیرۆر(داعش) بەدەستی هێنابوو، لە دەستی دا، ئەوە تەنها زەربەیەک نەبوو لە بارزانی و پارتی بدرێت، باشە بۆچی ئەو کارەیان کرد؟!
ئایا ئەو گروپەی ناو ماڵی تاڵەبانی و یەکێتی تەنها ئامانجیان ئەوە بووە کە شکست بە بارزانی بێنن و، ئەوەیان لەلا گرنگ نەبووە بەوکارە کورد کەرکوک لەدەست دەدات و زەرەر دەکات، یان نەیاندەزانی زیانی ئەو رێککەوتنە ئەوەندە گەورە دەبێت کە ئەوانیش لە کەرکوک دەکاتەوە ژێردەستەی حەشدی شەعبی؟!))

(٨)

قسە زۆرە لەسەر رێفراندم بیکەین، بەڵام لە وتارێک هەمووی باس ناکرێت، ئەوەی لای من لە رێفراندمی سەربەخۆیی کوردستان زۆر جوانە، تەنها دەنگدانی زۆرینەی گەلێکە بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، دەنا ئەنجامدانی بەبێ بوونی یەک هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانی، هەڵەکی گەورە بوو.

((دەرەنجامەکەشی ئەوەبوو کە دادگای باڵای فیدرالی عێراق ریفراندمی هەرێمی كوردستانی بە نادەستوریی ناوبرد، ئەنجامەكانی هەڵوەشاندەوە، کوردیش بە پارتیەوە گەڕایەوە ژێر چەتری ئەو دادگایە))

(٩)

هەموومان میر جەلادەت عالی بەدرخان دەناسین، ئەو زاتە رۆژێکیان لەگەڵ دکتۆر محەمەد شوکروو سەگبان (ئەو کوردەی بۆ رازیکردنی دڵی مستەفا کەمال ئەتاتورک) کتێبێکی نووسی بە ناوی( کوردەکان تورکن) لە شام بەیەکەوە دەبن، گلەیی ئەوەی لێدەکات بۆچی ئەو کتێبەی نووسیوە، بەڵام سەگبان وەڵامێکی مەنتیقی ناداتەوە، برسییان دەبێت و دەچنە رێستۆرانتێک خواردنێکی عەرەبییان بۆ دێنن کە محەمەد شوکروو سەگبان نازانی چیە، لە میر جەلادەت دەپرسێ” ئەو خواردنە چیە؟!” ئەویش دەڵێ” دکتۆر باینجانە، بەڵام تۆ دەتوانی بڵێی کولەکەیە!”.

(( دەرەنجامی رێفراندم شکست بوو، بەڵام پارتییەکان دەتوانن پێی بڵێن دەستکەوتی گەورە، شازدەی ئۆکتۆبەریش خیانەت بوو، بەڵام ئەوانەی رێککەوتنەکەیان کرد و کەرکوکیان فرۆشت، دەتوانن بەخۆیان بڵێن وڵاتپارێز))

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button