مافی پاڵپشتی دەروونی رۆژنامەنووسان

(١)

لەسەرەتایی ئەم مانگە بۆماوەی چوار رۆژ لەبارەی ( پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنووسان) بەشداری راهێنانێکم کرد کە لەلایەن رێخراوی(internews) ئامادەکرابوو، ئەو راهێنانە دوو ئامانجی هەبوو، چۆنیەتی رووماڵکردنی کەیسی بەرکەوتەی زەبری دەروونی ( لاقە، تووندوتیژیی سێکسی، کارکردن لەگەڵ رووداوە زەبراویەکاندا)، هەروەها چونیەتی خۆپاراستن و چارەسەری; دوای ئەوەی بەهۆی کارەوە رۆژنامەنووس توشی زەبری دەروونی و سوتانەوەی دەروونی دەبێت.
(( ئەرکە رۆژنامەنووس زانیاری دەروونی هەبێت))

(٢)

بۆ دروستکردنی راپۆرت و وەرگرتنی لێدوان گوێ لەچیرۆكی تراژیدی قوربانیەکان دەگرین، بەرکەوتنمان لەگەڵ رووداوە زەبراویەکان هەیە، شەڕ، قەیرانی ئابووری، هەراسانکردنی سێکسیی، فشاری خێزانی، هەموو ئەمانە ئێمە توشی فشار و زەبری دەروونی دەکەن.
(( لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حیزبە دەستەڵاتدارەکانی کوردستانیش رووبەڕووی فشار، هەڕەشە، دەستگیرکردن، ئازاردان و ناوزڕاندن دەبینەوە و، تەجاوز لەسەر مافەکانمان دەکرێت))

(٣)

مروڤ جەستە و دەروونە، بەڵام کێشەی تاکی کورد بە رۆژنامەنووسیشەوە ئەوەیە ناتوانێت قسە لەبارەی دەرونیەوە بکات، بەشێوەیەکی گشتی لای کورد مرۆڤ تەنها جستەیە، باسکردن لە لایەنی دەروونی تابووە.
(( لەکوردستان ئەگەر کەسێک بۆ تەندروستی دەروونی سەردانی راوێژکاری دەروونی بکات، لای عەوام بە ناتەواو هەژمار دەکرێت))

(٤)

رۆژنامەنووسی کورد کەمتر ئاگاداری مافەکانیتی، لەو راهێنانەی (internews) کۆمەڵێک زانیاری نوێ فێربووم، بۆنمونە؛ ئەرکە لەسەر ئەو دەزگای راگەیاندنەی کاری بۆ دەکەیت، راوێژکاری دەروونیت بۆ دابین بکات، کاتێک بەهۆی کارەوە توشی زەبر و سوتانەوەی دەروونی دەبیت.

(٥)

رۆژنامەنووسێکی خەڵکی کەرکوک یەکێک لە بەشداربووانی ئەو راهێنانە بوو، چیرۆکی رزگاربوونی لە شەڕی داعش لە موعجیزە دەچوو، بەشۆخیەوە لێمپرسی” دەزگاکەت دانیشتنی لەگەڵ راوێژکاری دەروونی بۆ رێکخستی؟
بەپێکەنینەوە گوتی ” نەوەڵا راوژکاری دەروونی چی؟!”( ئەوکات پەیامنێری دەزگایەکی راگەیاندنی گەورەی کوردستان بووە)
بەڕاست، ئایا هیچ دەزگایەکی راگەیاندن لە کوردستان هەیە بەئەرکی خۆی بزانێت تێچووی راوێژکارێکی دەرونی بۆ رۆژنامەنووسەکانی دابین بکات.
(( مافی رۆژنامەنووسی کورد پارێزراو نیە))

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button