ئەنگوچک سپی سابوون بەقەرد

(١)

ئەوڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سایلۆی سلێمانی گوتی ” ئەو پرۆژەیە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەپارێزێت”.

(٢)

هەرئەوڕۆش کەناڵەکانی نزیک لەسەرۆک وەزیران رایانگەیاند؛ رۆژی سێشەممە مووچە بە لێبڕینی سەدا بیستویەک دابەشدەکرێت.

(٣)

بەئاسایشی خۆراک ژنێکی دەستاوخۆشی جیرانمان بەبیرهاتەوە، یادی بەخێر نازانم ئێستا کەتیتە کێندەرێ، خودا هەڵناگرێ زۆر چاوتێربوو، هەرجارێک دۆڵمە یان کفتەی لێنابا، بەشی ئێمە و جیرانەکانیشی دەدا، دەستاوی هەتابرێی خۆشبوو، هیچ خواردنەکی بەبێ گۆشت دروست نەدەکرد، بەرام سێ بەشی کەرەستەکانی لەماری ئێمە و جیرانەکانی دیکە دەبرد، هەرجارەکی ئەمن دەمگۆت خواردنەکەی خۆشە، داکم دەیگۆت ” کورم ئەوە ئەنگوچک سپی سابوون بەقەردە، ئەگەر ئەمنیش وەکی وی بکەم، هەر شتەکی لەمارەکی بینم، خواردنی منیش لە ئی وی خۆشتر دەبیت”.

(٤)

برادەرەکم لە بەریتانیایی دەژی، دەیگۆت حکومەتی بەریتانی کە پردەکی دروست دەکات، لەکاتی تەواوکردن و کردنەوەی پردەکەی دەرێ ” سوپاسی خەرکی بەریتانیایی دەکەین کە باجیان دایتە حکومەت، بەو باجەی ئەوان ئەو پردە دروستکرایە”.
بەراست، حەقە حکومەتی هەرێمیش وەک رێز گرتنێک لە هەست و شعوری فەرمانبەر، هەر جارێک کە پرۆژەیەک دەکاتەوە، بێژی” سوپاسی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، بە سەدا بیستویەکی مووچەی ئەوان ئەو پرۆژەیە دروستکرا”

# بەزمانی داکم ئەنگوچک واتە کەلانگوچک…..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button