کێشەی فەلەستینیەکان و ئەرکی مرۆڤایەتی ئێمە

(١)

ئەوەی لەو رۆژانە حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان دەیکات، زوڵمە، ئەنفالە، داگیرکاریە.
((بە بڕیاری دادگە داوا کراوە چوار ماڵ لە گەڕەکێکی قودس چۆڵبکرێن، بۆئەوەی جولەکەی تێدا نیشتەجێ بکرێ))

(٢)

بۆ زانیاری، بەندە لەساڵی دووهەزار و پێنج بەزنجیرەیەک وتار لە رۆژنامەی میدیا داوای دایالۆگی (کوردی – جولەکەم) کرد، جولەکەم وەک نەتەوە (نەک ئاین) خۆشدەوێن، هیوای چاکەیان بۆ دەخوازم.
((لەبیرنەکەین گەلی عیبریش مرۆڤن))

 

(٣)

باشە عەرەب و جولەکە کە خودایان یەکە، ناکرێ لەسەر ئەو کیلۆمەتر چوارگۆشەیەی قودس( ئۆرشەلیم) بەیەکەوە، بەئاشتی خوداپەرستی بکەن!
(( قودس مولکی عەرەب و جولەکەشە))

(٤)

هەندێک نەتەوەیی و ئەتایستی کورد لەدژی عەرەب و ئیسلامیەکان بەو هێرش و داگیرکاریەی وڵاتی ئیسڕائیل خۆشحاڵن، گەلۆ دەبی تەرمی ئەو زارۆکانەی فەلەستین نەبینن کە بەهۆی موشەکەکانی ئیسرائیل دەکوژرین و هێشتا فێری عەرەبی نەبوون و نازانن ئاین چیە ؟! ئەتوبرێی رقیان لە ئەوانیش بێت؟!
((ئاسایە هیچ ئاینێکت نەبێت، بەمەرجێک ویژدانت هەبێت))

 

(٥)

فەلەستینیەکان لەساڵی دووهەزار و حەڤدە شەقامێکی گەورەی شارێکیان بەناوی سەدام کرد، لەکاتی داگیرکاری عەفرینش پشتگیریان بۆ ئەردۆگان دەربڕی، بەدەستی بەعسی عەرەبی شۆڤێنیش پەنجا مرۆڤی بێتاوان لە کەسە نزیکەکانم بەکیمایی و ئەنفال جینۆسایدکران، بەڵام کاتێک بەو رەمەزانە تەرمی
ئەو زارۆکە بێتاوانانەی کەرتی غەزەم بینی، موچڕکێک بەلەشم داهات و، تەرمی ئامۆزا و خزمەکانی خۆم بەبیرهاتەوە…
(( رەنگی خوێنی هەموومان سۆرە))

(٦)

لەحەکایەتەکانی مەلا نەسەرەدینی رۆمی هاتووە، هەموو رۆژێک مەلا سلاوێکی گەرمی لە کەرەکەی دەکرد، رۆژێک مەلاژن توڕەبوو، گوتی “دەی ئاخر ئەوە کەرە، خۆ لە سڵاوەکەی ئێوە تێناگات و وەڵامت ناداتەوە، بۆچی سەلامی لێدەکەی؟!”
رۆمی گوتی “راستە ئەو کەرە، بەڵام خۆ من مرۆڤم، ئەی نابێت مرۆڤبوونی خۆم بۆ ئەو بسەلمێنم”
(( راست دەکات، دەبێت مرۆڤبوونمان بۆ ئەوانیدیکە بسەلمێنیین))

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button