رۆژانی ریفراندۆم

لڤین:

ریفراندۆم ئەو راپرسیەی بووە بەڵا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان بە ئازارەکەیەوە دەناڵێنن.

سەرەتای ساڵی 2014 و لە مانگی شوباتدا کاتێک نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق پشکی هەرێمی لە بودجەی عێراق راگرت ناکۆکیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق رۆژ بە رۆژ پەرەی دەسەند.

ساڵی 2017 دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا توانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و تەواوی ناوچە دابڕێندراوەکان لە ژێر فەرمانڕەوایی کورد و هێزی پێشمەرگە بوو، ئەمەش بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەوکاتی هەرێمی کوردستانی روبەڕوی غرور کردەوە و وەک ساڵانی پێشوو ئەمجارەش بەنگەشەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییان لە جەژنی نەورۆزدا کرد.

لە 7ی حوزەیرانی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو كاتی هەرێم بە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆر لە حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: كە رۆژی 25 ی ئەیلولی 2017 ریفڕاندۆمی سەربەخۆی كوردستان بەڕێوەدەچێت و لەناوچە دابڕێندراوەكانیش ریفڕاندۆم دەكرێت لەوانە كەركوك و خانەقین و شنگال و مەخمور.

رۆژی 24ی ئەیلولی 2017 سەرەڕای هۆشدارییە ناوخۆی و نێو دەوڵەتییەكان، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كە نوێنەری زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا بوو بڕیاریدا رۆژی دواتر كە دەیكردە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفڕاندۆمی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت .

ئەنجومەنەكە بڕیاریدا، رۆژی دووشەممە 25ی ئەیلول ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوەدەچێت.

ئەگەرچی پێشترزۆرێک لە وڵاتان داواین لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد ریفراندۆمەکە دوا بخەن و بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتەکەی عيبادی بدەن، بەڵام مەسعود بارزانی تەحەدای وڵاتان و ئەمریکای کرد و وتی ریفراندۆم ئەنجام دەدەین ئەگەر سەری نەگرت بڵێن ئەمکابرایە شێت بووە و سوار سەری خۆی بووە.

وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هۆشدارییاندا لەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێتەهۆی دروستكردنی چەندین ئاستەنگ و كێشەی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان.

بڕیاربەدەستانی هەرێمی كوردستان گوێبیستی داوا نێودەوڵەتییەكان نەبوون و ریفراندۆم ئەنجام دراو ئەو دەرەنجامە خراپانەی لێكەوتەوە كە چەند ساڵێكە هەرێم بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

دوای راگەیاندنی ریفراندۆمەكەش، ئەمریكا رایگەیاند: پەیوەندی لەگەڵ گەلی كوردستان دەپارێزرێ‌‌و هەوڵی چارەسەریش دەدات.

هاوکات روسیا تەئكیدیكردەوە لەدانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عیراق و رایگەیاند: پابەندی گرێبەستی نەوت ‌و گازە لەگەڵ هەرێم. تایبەت پرۆژەكانی روسنەفت‌و گاز پرۆم.

ئەوە جگە لەوەی ئێران پشتگیری بۆ هەر بڕیارێكی حكومەتی ناوەندی عێراق دەربڕی، لەكاردانەوەی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم گواستنەوەی ئاسمانی لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بڕی.

بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی  ئەو كاتی توركیا ریفڕاندۆمی هەرێمی كوردستانی بە خۆكوژی وەسفكرد و سەرۆك كۆماری وڵاتەکەش رایگەیاند: ریفڕاندۆم لەم كاتەدا شتێكی باش نییە.

لەدوای ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لە 26ی ئەیلوول، ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند: كە دەشێت ڕێكاری ئابووری و سەربازی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بگرنەبەر و گرتیەبەر و سنورە وشكانی و ئاسمانیەكانی لەگەڵ هەرێم داخست.

لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لە حزبە سیاسیەکان بەشداربوون لە ریفراندۆمدا بەڵام بێ نەیار نەبوو، بە فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی تا دواین خولەک خۆیان لە بڕیارەکە دوورگرت، ئەوە جگە لەوەی سەرکردە ەنجەکانی یەکێتی دژی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بوون هەریەکە لە هاوسەرۆکانی ئێستای یەکێتی لەو کاتەدا دژی ریفراندۆمەکە بوون.

لەڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2017 دوو ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامە بەراییەكانی بڵاوكردەوە و بەپێی ئەنجامەكان رێژەی بەشداری ٪76 بوو، لە كۆی بەشداربووانی ریفڕاندۆمەكە٪ 92.73ی بەشداربووان بەبەڵی و ٪7.2ی بەشداربووان بەنەخێر دەنگیان بەریفڕاندۆم دابوو.

ئیتر دوای ئەوە کارەساتی گەورە کە هاوشێوەی ئاشبەتاڵی 1975 بوو رووی لە هەرێمی کوردستا کرد و چوار ڕۆژ لەدوای ڕێفراندۆمەكە حكومەتی عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان قەدەغەكرد جگە لەوە داوای لە ئێران و توركیا كرد سنورەكانییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابخەن.

لە 15 و 16 تشرینی یەكەمی 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق سەرجەم ناوچە دابڕێندراوەكانی باشوری كوردستانییان كۆنتڕۆڵكرد، ئەگەرچی پارتی تا ئێستاش سەرکردە گەنجەکانی ئەوکاتەی یەکێتی تۆمەتبار دەکات بە خیانەت بە هۆی ئەوەی دەڵێت رێکەوتنیان لەگەڵ عێراق کردووە. بۆ بەدەستەوەدانی کەرکوک و بەشیک لە ناوچەکانی دیکە، بەڵآم هاوکات لەو ناوچانەشی کە هێزی پارتی لێبوو وەک شەنگال و مەخمور بە هەمانشێوەی ناوچەکانی کەرکوک پاشەکشە بە هێزی پێشمەرگە کرا.

هێزی پێشمەرگە نەیتوانی بەرگریەکی بەهێز بکات یان راستتر ئەوەیە نەیان ویست بەرگری بەهێز بکەن بۆیە 51٪ی خاکی هەرێمی کوردسیان رادەستی هێزەکان کرایەوە هیچ روبەڕبونەوەیەکی بەهێز نەکرا تا سنوری پدێ کە پارتی ئێستا بە داستانی پردێ ناوی دەهێنێت.

لە بارەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی یەکێتی ساڵی رابردوو پێگەی گەلی کوردستانی زمانحاڵی یەکێتی نوسیویەتی “بڕیاری كشانەوەی پێشمەرگە لە شەڕی بێ بەرامبەری بەرامبەر سوپای عیراق و حەشد جگە لەوەی بڕیارێك بوو بۆ پاراستنی گیانی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتیمانە، هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە پارێزراو بن و لایەنی دەستووری گێڕانەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان لەدەست نەچێت تاوەكو كورد لە هەلومەرجێكی تردا درێژە بەخەباتی خۆی بدات و كەركوك و تەواوی ناوچە دابڕێندراوەكان بگەڕێنێتەوە باوەشی نیشتیمان”.

بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی دان بەوەدا دەنێت، تا ئێستا پارتی باس لە هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژانی 16ی ئۆکتۆبەر لە سنورەکانی شەنگال و بەری موسڵ ناکات، هەمیشە خۆی دەپارێزێت لە چۆنیەتی کشانەوەی ئەو هێزانە و یەکێتی تۆمەتبار دەکات بە خیانەتکردن، بە بێ ئەوەی هێزەکانی یەکێتی لە سنوری شەنگال بوبن لەو کاتەدا.

رۆژنامه‌نووسی به‌ریتانیی (مارتین جه‌ی) ده‌رباره‌ی بریاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ وتارێكیدا له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017 به‌ ناونیشانی (خۆكوژیی سیاسیی ـ ته‌قدیره‌ هه‌ڵه‌كانی بارزانی) ده‌نوسێت “بارزانی رێك ئه‌و قسه‌یه‌ی چارلۆت برۆنتی بۆ ده‌بێت كه‌ ده‌ڵێت گوریسێك ده‌ده‌ی به‌ پیاوێك بۆ خۆرزگاركردنی، به‌ڵام ده‌یئاڵێنێ له‌ ملی و خۆی پێ ده‌خنكێنێت”.

وه‌ك مارتین جه‌ی نوسیوویه‌تی به‌ بریاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بارزانیی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانی تا لێواری فه‌وتان برد و هه‌موو شتێكیش تێكچوو. هه‌موو ئه‌و قه‌ڵایه‌ی كورده‌كانی عێراق به‌ چه‌ندین ساڵ هه‌ڵیان چنی بوو، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسیی لێیدا كه‌ شه‌پۆله‌كه‌ی له‌ بریاره‌كه‌ی 7ی حوزه‌یرانه‌وه‌ هاتبوو.

هه‌ڵه‌ یان راستی بریاری ریفراندۆم مشتومری ناوێت، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ دۆخی ئێستای كورد به‌راورد بكه‌ین به‌ بارودۆخی پێش 25ی ئه‌یلولی 2017، دۆخی ئێستای كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان چی به‌سه‌ر هاتووه‌ و شکۆی دیبلۆماسی و سیاسی هەرێم لە کوێدایە و و ئەو کاتیش لە کوێدابوو؟.



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button