دامەزراوەی دادوەریی، پارێزەری ستەمكاریی

دامەزراوەی دادوەریی لەكوردستان بەتەواوی بێبایەخ بووە و بەتاڵكراوەتەوە لەناوەرۆك، ئەم دامەزراوەیە دەبو كۆڵەكەی سەقامگیریی قانون و دابینكردنی عەدالەت و پارێزگاریی لەچەوساوەكان بوایە! بەڵام مخابن بووە بەدیلی حزب و بووە بەبەشێك لەئەجێندای سیاسی و بگرە پارێزەری حزب و دەسەڵاتداران!

ئەو دامەزراوەیە لەبری زامن و پارێزەری هاوڵاتیان و خەڵك بێت، ئێستا بووە بەدامەزراوەیەكی تۆقێنەرو هەرچی بردیان و تۆمەتیان بۆ هەڵبەست، ئیدی حوكمێكی قورسی بەسەردا دەسەپێنن و كەسیش دەنگی لێوە نایەت! ئەو دامەزراوەیە بووە بەپارێزەری ستەم و زۆرداریی و قەڵغانی پاراستنی حوكمڕِانی كەمینەی دەستڕۆیشتوو لەكوردستان. بووە بەدامەزراوەیەك تەواوكەری ئیشوكاری دامەزراوە ئەمنییە حزبییەكانەو دوا مۆرو ئیمزای ستەمكاریی لەسەر زوڵم دەكات.

بەداخەوە، پێشتر زۆرمان قسە لەسەر گیراوانی بادینان كرد، قسەكردنی ئێمە بۆ ئەوەبوو ئەم ستەمكارییە درێژە نەكێشێت و لانیكەم لەشوێنێك بوەستێت، بەڵام پێناچێت ئەم كاروانە كۆتاییەكەی دیار بێت، پێدەچێت ئەم زنجیرەیە درێژ بێت و كۆتاییەكەی دیار نییە. ئەوەتا یەكێكی دیكە لەبادینان بەتۆمەتی پەیوەندی بە حزبێكی كوردستانیی حەوت ساڵ زیندانی كرا، كاروانێكی دیكەش لەگیراوانی بادینان لەچاوەڕوانی سزای قورسی دادگاكانن. كوا كێ‌ هەڵوێستی جددی هەیە؟

ئەوەی دەیەوێت ئەم دۆخە رابگرێت و بگۆڕێت، بەبەیاننامەو قسەكردنی میدیاو دروشمی پێش هەڵبژاردن ناكرێت، دەبێ هەڵوێستی روون هەنگاوی كردارەكی بنێت. بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە، لەئەستۆی هەموو حزبەكانی كوردستانە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەحكومەتن و حكومڕانن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button