قوباد تاڵەبانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ کارێکی بە پەلە راسپارد

لڤین:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لەسەرچاکسازی لەبواری دەرمان بکەن.
قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ لە هەولێر، بە ئامادەبونی وەزیرانی دارایی و ئابوری وپلاندانان و تەندروستی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە رێکخستنەوەی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی خرایەڕو لەبارەی پەرەپێدان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری تەندروستیش راپۆرتێکی خستەڕوو لەبارەی کار و پلانەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و چۆنییەتی باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بە شێوازێک کە خزمەتی تەندروستی باشتر پێشکەش بکرێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند “دەبێت چاکسازی بکرێت لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا” بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لەسەر بکەن.
جێگەری سەرۆکی حکومەتی هەریم وتیشی “دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ هەبێت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی بە شێوازێک کە هاوڵاتیان تێیدا سودمەند بن”.
لەبارەی دابینکردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، تاڵەبانی داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابین کردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان.