بافڵ تاڵەبانی: ئەو گۆڕانکارییانەی کردوومانە لەپێناو پاراستنی رێبازەکەی مام بووە

لڤین:
ھاوسەرۆکی یەکێتیی رایگەیاند، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی رابردوودا کردوومانە لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و پاراستنی رێبازەکەی مام بووە.
بافڵ تاڵەبانی، لە دیداریکدا لەگەڵ کەسایەتیەکانی عەشیرەتی نەورۆڵی کە لە دەباشان سازدرابوو باسی لە پێشھات و پەرەسەندنە سیاسییەکان و ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان کرد.
لەو دیدارەدا هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، هەموومان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان دەکەین و بە پشتیوانی ئێوە سەرکەوتن تۆمار دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی “بە سیاسەتێکی نوێ درێژە بە خزمەتەکانی دەدات و لەسەر ھەموو ئاستەکان خزمەتکار دەبێت و کار بۆ بووژاندنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین”.
تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، رایگەیاند، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی رابردوودا کردوومانە لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و پاراستنی رێبازەکەی مام بووە.
ئەوەشی وت “نامانەوێت یەکێتی بۆ بەرژەوەندی و کاری تایبەت بەکاربهێنرێت و لە هیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەین کاری لەو شێوەیە بکات”.