لە سوریا هێرشی موشەکی کرایە سەر سوپای روسیا

هێرشی موشەکی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای روسیا، لە سوریا.

شەوی رابردوو لە سنوری پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای سوریا، هێرشی موشەکی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای روسیا.

لەو بارەیەوە فیچیسلاڤ سیتکین، جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی روسی لە سوریا، بە میدیاکانی راگەیاند، هێرشەکە لە لایەن گروپە توند ڕەوەکانەوە کراوە و بنکەکانی چاودێریی ئاسمانیی وڵاتەکەی تێبینیی ئەوەیان کردووە، کە مووشەکەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە توندڕەوەکانەوە لە پارێزگای ئیدلیبەوە، ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئاسمانیی حومەیمیم لە سنوری پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای سوریا کراون.

ئەو بەرپرسە روسییە ئاماژەی بە هیچ زیانێکی مرۆیی لە ئەنجامی هێرشەکەدا نەکردووە.

روسیا لە ساڵی 2015 بە ناردنی چەک و سەرباز، پاڵپشتیی رژێمی سوریای کرد و لە ئێستادا چەندین بنکەی سەربازی لەسوریادا هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button