قوباد تاڵەبانی داوایەک لە ئەمریکییەکان دەکات

لڤین:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێشوازی کرد لە وەفدێکی ئەمریکی لەبارەی ھەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و تیرۆر لە عێراق گفتوگۆیان کرد.

ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ١٨ی ئابی ٢٠٢١ ) قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێشوازی کرد لە وەفدێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی پۆڵ گرۆوڤ لە ئەنجومەنی پیران،لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵی گشتی ئەمریکا ڕۆبەرت پالاندینۆ ئامادەبوو،بە پێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ھەردوولا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناریۆکانی پاش ھەڵبژاردن گفتوگۆیان کرد و لەبارەی ئاسایش و دۆخی ئابوری عێراقیش بیروڕایان گۆڕییەوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” قوباد تاڵەبانی بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی ھەنگاوەکانی چاکسازیکردن لە سیستمی سیاسی عێراق پێشکەش بە وەفدی میوان کرد و بە گرنگییەوە باسی لە پێویستیی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرد بۆ باشترکردنی ڕەوشی ئابووری”.

لە کۆتایدا ئاماژە بەوە دراوە،” قوباد تاڵەبانی داوای کرد ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر چڕ بکرێنەوە و ھەماھەنگییەکانی نێوان ھاوپەیمانان و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button