دوای ئەفغانستان چارەنوسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

ئەفغانستان و عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر یەک هێڵی بەڕێوەبردنی سیاسین ،ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدا شکستی حکومڕانی دەسەڵاتی ئەفغانستان خۆیەتی کە نەیتوانی لەماوەی(٢٠)ساڵی ڕابردوودا حکومەتێکی بەهێزی نشتیمانی بونیاد بنێ ، حکومەتێک لانی کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بۆ هاونشتمانیانی خۆی فەراهەم بکات ، ئەفغانستان ئەوەی هێشتبوویەوە تا ئێستا پشتیوانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بوو ، خودی حکومەت و دەسەڵاتی ئەفغانستان دەسەڵاتێکی فاشل و گەندەڵ بوو ، بۆیە خەڵکی ئەفغانستان نەک پشتیوانی ئەو دەسەڵاتەی نەکرد بەڵکو بە هەموو عەیب وعارەکانی تاڵیبانەوە پێشوازیان لە هاتنە ناوەوەی کرد ، ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتی دوو دەیەی ئەفغانستان دەسەڵاتێکە بە دڵی خەڵکەکەی خۆی نەبووە.

 

ئەفغانستان لێکچووە لەگەڵ عێراق؟

ئەگەر سەیری مێژوو و تەمەنی حکومڕانی دەسەڵاتی ئەفغانستان و عێراق بکەین لێکچووە و زەحمەتە جیاوازێکی ئەوتۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بکەین ، جۆرج دەبلیو بۆش لە کتێبەکەیدا کە بە ناوی خاڵەکانی بڕیاردان نوسیوێتی باس لە بڕیاردانی جەنگی ئەفغانستان و عێراق دەکات ئەڵێت ناردنی ئەمریکییەکان بۆ جەنگ ، قوڵترین بڕیاری سەرۆکایەتیم بوو .
ئەفغانستان بە دووساڵ پێش عێراق ئازاد کرا لە لایەن هەمان هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە ، بەڵام ئامانج و ستراتیجی ئەمریکا بۆ عێراق وئەفغانستانیش یەک مەبەست بوو ، لە هیچ کام لەو دوو وڵاتە ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوو ، هۆکاری سەرەکیش گەندەڵی سیاسی و ئیداری دەسەڵاتدارانە لە ناو ئەو دوو دەوڵەتەدا ، شکستی ئەفغانستان هەمان شکستە کە لە عێراقیش حەتمەن دەبێت ڕووبدات ، چونکە عێراقیش لە ئەفغانستان باشتر نیە لە هیچ ڕوویەکەوە ، بێگومان کە باس لە شکستی عێراق دەکەین هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو دەوڵەتەو لە شێوازی بەڕێوەبردندا شکستی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هێناوە ، ئەوانەی باس لە جیاوازی ئافغانستان دەکەن لە گەڵ عێراق لە ڕاستیدا تەحلیلاتی سیاسیە بەدڵی حزبەکانی عێراق و کوردستانە ، ئەگینا هەمان چارەنوسی ئەفغانستان ڕووی لە عێراقە بە کوردستانیشەوە .

لە عێراق شتێک نیە بە ناوی دەوڵەت و دامەزراوەی هەقیقی ئەوەی ئەم شوێنانە بەڕێوەدەبات حزب و شەخس و کەسی سیاسی بەرژەوەندی خوازە ، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێز ، هێزی حزب و شەخسە ، هێزی نشتیمانی و دەوڵەت بوونی نیە ، لە هەر وڵاتێک بنەما سەرەکێکانی دەوڵەتداری دروست نەکرا ، دەبێت چاوەڕێی ڕووخان و نەمانیشی لێ بکرێت ، هەڵخەڵەتاندنی خۆمان بەوەی کوردستان و عێراق جیاوازە لە ئەفغانستان ئەوپەڕی نەخوێندنەوەی مێژووییە بۆ هەرەسی دەوڵەتانی تر و هۆکاری ڕووخانەکانیان ، ئەوەی لە ئەفغانستان هەبوو لە عێراقیش بە زیادەوە بوونی هەیە .


بەختیار محمود

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button