وەزیری کارەبا: قەرزی کارەبا دەکەینە قیستی 12 مانگی

لڤین:

وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاند قەرزی کارەبا دەکەنە قیستی 12 مانگی پێوەری زیرەکیش بە فیڕۆچونی کارەبای 8٪ کەم کردووەتەوە.

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەریمی کوردستان رایگەیاند: چەند رۆژێکە رەوشی کارەبا باشتر بووە، ئەوەش پەیوەندی بە گەڕانەوەی دوو یەکەی کۆمپانیای ماس هەیە کە لە رۆژی 15 ی حوزەیران، پێنج یەکەی کۆمپانیاکە بەهۆی چاکسازی  لە کار کەوتن و دواتر بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت 40 ملیۆن دۆلار وەک حەقدەست بۆی تەرخان کرا و دوو  یەکەی بەکار خراوە.

وەزیری کارەبا ئەوەسی راگەیاندووە ئێستا بە شێوەیەکی مامناوەندی رۆژانە 15-16 کاتژمێر کارەبا لە سەرانسەری ھەرێم دەدرێت و دەشڵێت: لە شەش مانگی کۆتایی 2019، شەش مانگی یەکەمی کابینەی نۆیەم 6 هەزار سەرپێچی لابراون، لە ساڵی 2020 گەیشتە 10 هەزار سەرپێچی و لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵیش 5 هەزار سەرپێچی لابراون، کە دەکاتە 21 هەزار سەرپێچی.

لە بارەی قەرزی کارەبا لای هاوڵاتیان وەزیری کارەبا راشیگەیاند: بە پێی یاسا و رێنمایی، هەر هاوبەشێکی کارەبا ئەگەر دوو جار بە سەر یەکەوە کرێی کارەبا نەدات، کارەباکە دەبرێت، بەڵام ئێمە دۆخی هاوڵاتیانمان لە بەرچاو گرتووە و کارەبای کەسمان نەبڕیوە.

بەبیری هێناوەتەوە لە ماوەی نۆ مانگدا لە %15ی لێخۆشبوون بۆ قەرزی کرێی کارەبا هەبوو، ئێستا قەرزی هاوبەشانی کارەبا دەکەینە 12 قیست، کە دەتوانن مانگانە لەگەڵ کرێی کارەباکەیان بدەن.

لە بارەی پێوەری زیرەکیش کەمال محەمەد دەڵێت: تا ئێستا 800 هەزار پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون.پێشتر بە فیڕۆچونی کارەبا%44 بوو، ئێستا بۆ %36 نزم بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە “بە هۆی پێوەری زیرەکەوە، لە 7 مانگی 2021 بەروارد لەگەڵ 7 مانگی 2019، بە رێژەی 3.12 کاتژمێر کارەبامان زیاتر داوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button