لە شەش مانگدا 722 دۆسیەی گەندەڵی بەدواداچونی بۆکراوە

لڤین:
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 722 دۆسیەی گەندەڵی لەلایەن دەستەکەیانەوە بەدواداچونی بۆ کراوە و دەشڵێت بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی لەئاست پێویستدا نیە.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ساڵی رابردوو دەستەکەیان ستراتیژی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئامادەکردووە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەن لەم ساڵدا پڕۆژەکە پەسەندبکرێت کە هەنگاوی کردەیی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی تێدا خراوەتەڕوو.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستەڕوو، لە شەش مانگدا 722 دۆسیەی گەندەڵی کاری لەسەر کراوە، لەو ژمارەیەش 445 داوای سزایی لەفەرمانگی یاسایی دەستەکەیان کاری بەدواداچونی بۆ کراوە، سەرجەم دۆسیەکانی دیکەش بەدواداچونیان بۆ دەکرێت.
وتیشی لەو ماوەیەدا 54لێکۆڵینەوەی تێدا تەواو بووە و رەوانەی دادگا کراون، هاوکات تەنها پێنج کەیس کۆتایی پێهاتووە، تەرخان نەکردنی دادگایە بۆ کەیسەکانی گەندەڵی هۆکاری ئەوەیە دۆسیەکان بە زوویی یەکلایی نەکرێنەوە.
ئەحمەد ئەنوەر وتیشی، دەستەکە بەشدارە لە پڕۆژەی دژایەتی گەندەڵی سەر بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان کە بڕیارە مانگی داهاتوو لەعێراق رابگەیەنرێت.