پێشبینی شەپۆلێکی باران بارین لە چەند ناوچەیەکی کوردستان دەکرێت

لڤین:

شارەزایەکى کەشناسى پێشبینى دەکات شەپۆلێکى بارانبارین روو لە بەشێک لە ناوچەکانى کوردستان بکات.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ (دووشەممە، ٢٦ى تەمموزى ٢٠٢١ ) لە بڵاوکراوەیەکدا پێشبینی نوێی بۆ کەش و هەوای چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندوە،” لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی باراناوی لەسەر ناوچەکانی کوردستانی باکور و رۆژھەڵات پێشبینی دەکەین سەرەتای ھەفتەی ئایندە لەرۆژانی ( ١-٨-٢٠٢١ بۆ ٤-٨-٢٠٢١ ) شەپۆلێکی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاجیا بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.”

سەبارەت بەو شوێنانەی کە پێشبینی باران بارینی لێ دەکرێت، نوسیویەتی،” شەپۆلەکە بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاویی و سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک ئەبێت بەھۆی نزیکی ئەو ناوچانە لە سنورەکانی باکور و رۆژھەڵاتی نزمە پاڵەپەستۆکەوە.”

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوە داوە،” بەگشتی بۆ ناوچەکانی باشوری ھەرێم وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە تا ئێستا دەرنەکەوتووە لەو ناوچانەدا کاریگەری ئەبێت بەشێوەی بارانبارین بەڵام پشتیوان بەخوا لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر  گۆرانکاریەکان دڵخۆشکەر ئەبن و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە درێژ ئەبێتەوە بۆ ناوچە نزمەکان و ئەم سنورانەش.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button