ناوی سەرنشینە کوردەکانی یەختە نقوم بووەکەی دوورگەی کریتی ئاشکرا کرا

لڤین:

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە ڕووداوی نقومبوونی یەختەکەی دەریای ئیجە، ١٧ هاووڵاتی کورد ڕزگارکراون، بەڵام ١٠ کەسی دیکە بێسەروشوێنن کە حەوت کەسیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.

ڕۆژی ( پێنج شەممە ) بەلەمێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە نزیک دوورگەی کریتی نقومبوو، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی جیاواز زۆرینەی سەرنشینانی بەلەمەکە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و تا ئیشتا ٣٧ کەسیان رزگارکراون.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، ئەمڕۆ (شەممە ٢٤ی تەموزی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند،” بەپێی دواهەمین بەدواداچوونەکان لە ڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نزیک دورگەی کریتیدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان ڕزگاریان بووە، کە ( ١٧ ) لەو کەسانە لەلایەن کەسوکاریانەوە لە دەزگای لوتکە تۆمار کراون و دوای بەدواداچوونی وردی دەزگاکە، هەواڵی سەلامەتییان دراوە بە کەسوکاریان.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەشکراوە،” بەداخەوە هەر لەو ڕووداوەدا ١٠ کەس بێسەروشوێنن کە دووانیان خەڵکی میسر و دانەیەکیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حەوت کەسیشیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دەزگای لوتکە بەهاوکاریی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە بەدواداچوونەکانی بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ ڕزگاربووانی ڕووداوەکە و هەروەها فشارکردن بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر بێسەروشوێن بووەکانی ئەو ڕووداوە، بەڵام تاکو ئێستا تەنها بەڵگەنامەی چوار لە بێسەروشوێنبووەکان لەلایەن کەسوکاریانەوە دراون بە دەزگای لوتکە. ”

ناسنامەی سەرنشینە کوردەکانی یەختەکەی دوورگەی کریتی:

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button