ئەنجومەنی پارێزگاکان دانەوەی قەرزی ئاو کارەبا لە پاشەکەوتی موچە یەکلایی دەکەنەوە

لڤین:
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ھەوڵدەدەین دوای جەژن لەگەڵ ھەرسێ ئەنجومەنەکەی دیکەی پارێزگاکانی ھەرێم بە نوسراوێک بۆ وەزارەتی دارایی دۆسیەی دانەوەی قەرزی ئاو و کارەبا لە موچەی پاشەکەوتکراو یەکلایی بکەنەوە.
ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیای فەرمی حزبەکەی رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ وەڵامێکی فەرمی نییە لەلایەن وەزارەتی دارایی و حکومەتی ھەرێم تا بە پاشەکەوتی موچە قەرزی ئاو و کارەبا بدرێتەوە و بۆ ئەوەش دەبێت جارێکی دیکە کۆبوونەوە بکرێت.
وتیشی، ھەوڵدەدەین لە دوای جەژن کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم بکرێت و بەنوسراوێک داوای وەڵام لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم و وەزارەتی دارایی بکەین ھەتا ئەوانیش بە فەرمی ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکەنەوە.