هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرایدەکات کە گروپێک لە هەرێم و گروپێک لە بەغدا رێکەوتنی ژێر بەژێریان هەیە ڕێککەوتن نەکرێت و لە راگەیاندن هێرش دەکەنە سەر یەکتری، لەژێریشەوە هاوڕان دۆخەکە وەک خۆی بهێڵنەوە.
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەربارەی ڕێکنەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسینێکی بڵاو کردوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە “هۆکاری سەرەکی نەگەیشتن بە رێکەوتن لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە، رێکەوتنێکی ژێربەژێر هەیە لە نێوان گروپێک لە هەرێم و گروپێک لە بەغدا”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەربارەی ئەو دوو گروپە زیاتر نوسیویەتی و دەڵێت: “هەردولایان رێککەوتنیان هەیە لەسەر ئەوەی نەهێڵن بگەنە رێککەوتن، لە راگەیاندن هێرش دەکەنە سەر یەکتری، لەژێریشەوە هاوڕان دۆخەکە وەک خۆی بهێڵنەوە، هەر کات دەرفەتێک هەبێ بۆ رێککەوتن تێکی دەدەن”.
لەماوەی ڕابردوودا وەفدێکی باڵای هەرێم چەندین جار بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ناوەند سەردانی بەغدایان کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و وەفدەکە هەموو جارێک بەدەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە.