لاهور شێخ جەنگی:
نابێت ڕێگە بدەین سلێمانی ببێتە چەقی ململانێی سیاسی

لڤین:
لاهور شێخ جەنگی، ڕایگەیەند کە “نابێت ڕێگە بدەین سلێمانی ببێتە چەقی ململانێی سیاسی، ئەرکی سەرشانمانە کە خزمەتی ئەم شارە خۆشەویستە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی بکەین”.
ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بۆنەی سەرلەنوێ کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی، سەردانی چایخانەی شەعبی لە سلێمانی کرد و پیرۆزبایی لە خێزان و ستافی چایخانەکە و خەڵکی شارەکە کرد.
لاهور شێخ جەنگی، لە میانەی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەم چایخانەیە بووەتە ناوەندێکی کلتووری و ڕۆشنبیری و یەکێکە لە سیما و ڕەمزە دیار و یادگارییە جوانەکانی سلێمانی و مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ هونەرمەندان و شاعیران و ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕاگەیاندکاران هەیە و بە ماڵی دووەمی خۆیانی دەزانن، زیاتر لە ٧٠ ساڵە ئەم چایخانەیە لە خزمەت خەڵکی ئەم شارەدایە، وتیشتی: دەستخۆشی لە دەزگای مرۆیی مام دەکەم کە بە ڕەچاوکردن و پاراستنی مۆرکی تەلارسازیی شارەکە بە شێوازێکی جوان نۆژەنیان کردووەتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بە زیندوو هێشتنەوە و پاراستنی شوێنە مێژوویی و دێرینەکان کە بوونەتە ناسنامەی شارەکە.
لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند ئەمە چەپکە گوڵێکی بچووکە بۆ ئەم شارە و سلێمانی زۆر لەوە شایستەترە، ئەرکی سەرشانمانە کە خزمەتی ئەم شارە خۆشەویستە و خەڵکە تێکۆشەر و میهرەبانەکەی بکەین کە بەداخەوە بە هۆی ململانێی سیاسی و تاکڕەوی و تێکچوونی باڵانسی هێز، ئەم شارە و هەرێمی کوردستانیش پاشەکشەی کرد، لە هەوڵی ئەوەداین کە ئەو باڵانسە بگەڕێنینەوە.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە کە نابێت ڕێگە بدەین ئەم شارە ببێتە چەقی ململانێی سیاسی، هەوڵ بدەین دەست لەناودەست و بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی تر کێشەکان چارەسەر بکەین کە ڕووبەڕووی شارەکە و هەرێمەکەمان دەبێتەوە، ئێمە دەستی برایەتیمان بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان درێژکردوە، هاوپەیمانیەتیمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی ئەم شارە دووربێت لە ململانێی سیاسی.