ئایا شکستی مافیای تورکی سەرەتایەکە بۆ شکستی رژێمەکەی ئەردۆغان…؟

لەم ساڵەدا چوار باندی مافیایی هەرە ترسناکی تورکی لە چوار گۆشەی دونیا گورزییان بەرکەوت. لە ئەمریکا، لە ئەڵمانیا و لە تورکیا و ئەم هەفتەیەش لە ئوسترالیا… هەر چوار باندەکە بەشێک بوون لە دەوڵەتی قوڵی تورکی و پەیوەندییەکی سیستیماتیکییان لەگەڵ کاربەدەستانی رژێمەکەی ئەردۆغان هەبووە.
چوار باند و چوار چیرۆکی سەرنج راکێش، هەوڵ دەدەم لەچەند بەشێکدا ئەم چیرۆکانە بگێڕمەوە.
سەرەتا با بە چیرۆکی سەزگین باران کۆرکماز دەست پێ بکەم. کۆرکماز سەلامەتترینی ناو ئەو چوار باندەیە.
تا پار ئەو کاتانەش، کۆرکماز ئەستێرەیەکی دونیای بزنس و خێرخوایی و دیبلۆماتی رێزلێگیراوی تورکیا و ئەمریکا، خێرخوازێکی دڵ ئاوا، براوەی خەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاڵەوانی پشت پەردەی ئازادکردنی قەشەی ئەمریکی ئەندرێ برانسەن، یەکێک لە لۆبیستەکانی نزیکبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ، خاوەنی فرۆکەیەکی هەرە نایاب و سپانسۆری سەدان خوێندکاری هەژار و یەکێک لەو پیاوانەشە کە لەزۆر موناسەبە لەتەنیشت ئەردۆغاندا دەردەکەوت (لە وێنەی هاوپێچدا لەتەنیشت ئەردۆغاندا وەستاوە).
لەهەمووی سەرنج راکێشتر دەربارەی کۆرکماز ئەوەیە، ئەو کوڕە هەژارێکی کوردی بە تورکبووی شاری قارس بوو، بە منداڵی پێڵاوی خەڵکی بۆیاغ دەکرد. بەڵام لە سای حوکمڕانی ئەردۆغاندا دەرووی خێری بەروودا کرایەوە و لە پڕێک بوو بە کوڕێک… کوڕ ئەمما کوڕ، دەوڵەمەند، بەڕێز، خێرخوا، خزمەتکاری تورک و دڵسۆزی وڵات، لەهەر بوارێک کە تۆ بەخەیاڵتدا دێت ئەم بزنسی هەبوو، لەبواری داو و دەرمان، فرۆکەوانی، کەشتیەوانی، گەشتیاری، خانوبەرە، بیناسازی هتد و سەرجەم پتر لە ٥٠٠٠ کەس موچەخۆری کۆرکماز بوون…
لە نکاوڕا، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ئەردۆغان فەرمانی بەدادگا کرد کە بڕێارێک دەربکەن و هەرچی وێنەی لەگەڵ کۆرکماز هەیە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بسڕێتەوە.
هەڵبەت، ئەردۆغان ناهەقی نەبوو… هەر ئەو کوڕە لە پڕێکدا بوو بەگەورەترین بار بەسەر ئەردۆغان و رژێمەکەیدا.
بێننە پێش چاوی خۆتان، ئەمریکا کل لەچاوی سەرۆک و پادشایانی جیهان دەدزێت، بەڵام کۆرکماز لەماوەی چەند ساڵێکدا نیو ملیار دۆلاری رێکی بە فڕ و فێڵ لە حکومەتی ئەمریکا دزی و هێنایەوە بۆ تورکیا.
دیوە وتراوەکەی چیرۆکی کۆرکماز ئەوەیە، ئەو لەگەڵ مۆرمۆنەکان شەریک بوو (ئەوەی لەوێنەکەدا لەتەنیشت کۆرکماز و ئەردۆغان وەستاوە یاقوب کینگستۆن، سەرۆکی مافیای مۆرمۆنەکانە).
مۆرمۆنەکان هەم مافیان و هەم سەکتێکی دینین. لەلایەکەوە، ئەوان یەکێک لەگەورەترین مافیاکانی ویلایەتی ئوتاهی ئەمریکان و سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی باندەکەیانە. لەلایەکی تریشەوە، ئەوان بەرەگەز ئەرمەنین و سەر بە سەکتێکی ئایینی مەسیحی نامۆن کە وەک مەلا لەتیفی سەلەفی لەمەڕ خۆمان دڵییان تەڕە و باوەڕیان بە سێ چوار ژنی شەرعییە لەیەک کاتدا.
شەراکەتی کۆرکماز و مۆرمۆنەکان بەو جۆرە بوو، بەیەکەوە بە فێڵ و ئیختیلاس پارەی ناشەرعی پەیدا بکەن و کۆرکمازیش ئەو پارەیە لە تورکیا سپی بکاتەوە.
دیوە نەوتراوەکەی چیرۆکەکەش، ئەوەیە دەوڵەتی تورک هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کۆرکماز کردووە تا ئەو پارە ناشەرعییە (پارە رەشە) لە تورکیا سپی بکاتەوە. هەموو ئەو بزنس و کارە خێرخوازییانەی کۆرکماز و تەنانەت خەڵاتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان، بەو پارە ناشەرعییە کراون.
بیرتان دێت ئەو رۆژەی ئەردۆغان لە ئەمریکا بوو و کوردەکان لە پێش هۆتێلەکەی ئەودا خۆپیشاندانییان کرد و باندەکەی ئەردۆغان لە ئەمریکا پەلاماری خۆپیشاندەرە کوردەکانییان دا؟ چالاکوانە موعاریزەکانی ئەردۆغان دەڵێن لەو سەفەرەی ئەردۆغاندا کۆرکماز سەدان ملیۆن دۆلاری بە هەمان ئەو فرۆکەی ئەردۆغاندا هێنایەوە تورکیا.
پەیوەندییەکە روونە…؟
ئەگەر هێشتا روون نییە،با بگەڕێینەوە بۆ تویتەر و ڤیدیۆکانی سەدات پەکەر، گەورە مافیاکەی تورک و کەسی نزیکی سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆی تورک.
مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ ئەمریکا، فەرمانی دەسگیرکردنی کۆرکماز. بە تۆمەتی بردنی ٤٧٠ ملیۆن دۆلاری حکومەتی ئەمریکا، دەرکرد.
سەدات لە چەندین ڤیدیۆ و تویتدا پێداگری دەکات کە سلێمان سۆیلۆ و بەرپرسەکانی تری رژێمەکەی ئەردۆغان لەگەڵ کۆرکماز دەستیان تێکەڵە. بەگوێرەی پەکەر، بۆ ئەوەی کۆرکماز نەکەوێتە دەست ئەمریکییەکان و رۆڵی رژێمەکەی ئەردۆغان لەو کارە مافیاییەدا ئاشکرا نەبێت، سۆیلۆ لە رۆژی ٤ی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ بانگهێشتی کۆرکماز دەکات بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێی دەڵێت را بکە و فرمانی دەسگیرکردنی تۆم پێیە.
کۆرکماز رۆژی دواتر را دەکات و دەربازی دەبێت و کە رایکرد ئەوسا تورکیا فەرمانی دەسگیرکردنی کۆرکمازی دەرکرد. لە گروپێکی ١٨ کەسی سەر بە کۆرکماز کە لەلیستی داواکراوەکان بوون هەر هەموویان دەربازییان بوو، جگە لەیەک کەس بۆ چاوبەستەگی گیراوە، کە ئەویش لەناو بازنەی یەکەمدا نییە و گرتنی گرنگ نییە.

ئارام رەفعەت

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button