پیلانی پاشەکەوتکردنی دوو موچەی فەرمانبەران لە ئارادایە

لڤین: راۆرت

نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا ٧١ دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام دۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەك گۆڕانكاری بەسەردا نایەت بەڵكو بەردەوام بەرەو خراپتربوون دەڕوات.

ئێستا نزیکەی دوو هەفتەیە مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران دابەش نەکراوە لە کاتێکدا داهاتی تەواوەتی لە بەردەستدایە و حکوومەت دەتوانێت مووچە بە بێ لێبڕین دابەش بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران بە لڤینی راگەیاند مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لە پلانیدایە وادەی دابەشکردنی مووچە فەرمانبەران بۆ مانگەکانی داهاتووش گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت بە ئامانجی ئەوەی لە کۆتایی ساڵی داراییدا مووچەیەک یان دوو مووچە پاشەکەوت بکات.

ئەگەر سەرنج بدرێت، ماوەی سێ مانگە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ٢٥ی مانگەوە دەستیپێکردووە و لە ماوەی دوو رۆژدا تەواوی وەزارەتەکان مووچەکانیان وەرگرتووە، بەڵام بۆ مانگی پێنج گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردنی مووچەدا کراوە.

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم کە بەرپرسە لە دابەشکردنی مووچە تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بە فەرمی لەبارەی دواخستنی مووچەوە نەداوە، هەر ئەوەندە نەبێت ناو بە ناو دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک رادەگەیەنێت.

سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەشی وت، ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا مووچەی مانگی پێنجیان وەرگرتووە، لەسەر داهاتی ناوخۆ پێیان دراوە و داهاتی نەوت بەکار نەهێنراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی بەدوداچوونەكانی لڤین، مانگی ڕابردوو حكوومەتی هەرێم زیاتر لە ترلیۆنێك و ١١٥ ملیار دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستكەوتووە ئەمە جگەلەوەی زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دیناریش داهاتی ناوخۆی هەبووە بەڵام دیار نییە چی لەو پارەیە کراوە.

ئەوەی بووەتە بیانوو بە دەست مەسروور بارزانییەوە بۆ دابەشنەکردنی مووچە رادەست نەکردنی تەواوەتی داهاتی پارێزگای سلێمانی بووە، بەپێی زانیارییەکانی لڤین، داهاتی سلێمانی لە كۆی 101 ملیار دینار، تەنیا 52 ملیار دیناری رادەستی حكومەت كراوە.

ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی، بەردەوام خراپی دۆخی دارایی حكوومەتیان داوەتە پاڵ ژمارەیەك هۆكاری جیاواز، لەوانە شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، كەچی بەنەمانی ئەو هۆكارانەش هێشتا دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

ئێستا لە هەرێمی كوردستان، هاوڵاتیان جگە لە  دواكەوتن و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە و كەمی كارەبای نیشتیمانی و گرانبوونی سوتەمەنی و دەیان قەیرانی دروستكراوی ترەوە دەناڵێنن كەچی لە بەرانبەردا بەردەوام ئاستی داهاتەكانی حكوومەت كە لەلایەن دوو حزبی حكومڕانەوە دەستی بەسەردا گیراوە زیاد دەكات.

ئەگەر سەرنج بدرێت نرخی نەوت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە هەڵكشان و داكشاندا بووە، لە هیچ كام لە ئاستەكانیدا كاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان نەبووە.

بگرە بە گرانبوونی نرخی نەوت نرخی سووتەمەنی لەسەر شانی هاوڵاتیان گرانتر بووە، ئێستا نرخی لیترێك بەنزین لە نێوان ٧٠٠ بۆ 1000 دینارە و ئەو نرخەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، حكوومەتی هەرێمیش هاوشێوەی تەواوی دۆسیەكانی تر هیچ بەرنامەیەكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكەی نییە.

سەرەڕای دۆخی خراپی دارایی، مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان پاشەكشەی گەورەی كردووە، ئەوەش زیانی گەورەی بە ناوبانگی هەرێمی كوردستان گەیاندووەو  ئەو دەوڵەتانەی خۆیان بە دۆستی هەرێم دەزانن لەو دۆخە بە تەواوی نیگەرانن.

بەپێی زانیارییەكانی لڤین، شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت شكستی هێناوە لەوەی بتوانێت بەغدا رازی بكات پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا ڕەوانە بكات ئەوەش بەهۆی ئەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادە نییە داواكارییەكانی یاساكە جێبەجێ بكات، هەر بۆیە شاندەكە بێ ئەنجام گەڕایەوە هەولێر.

لەلایەکی تر حکوومەتی هەرێم ئامادە نییە بچێتە پەرلەمان و روونکردنەوە لەسەر دواکەوتن و بەردەوام بوونی لێبڕینی مووچە بدات، سەرچاوەکەی لڤین لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەکرد، داواکارییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەت لەسەر ئەو پرسە لەلایەن مەسروور بارزانییەوە رەتکراوەتەوە.



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button