دەست بەسەر بڕی دوو تۆن پەنیری خراپبودا گیرا

لڤین:

لیژنەی کۆگاکانی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر بڕی دوو هەزار و 160 کیلۆ پەنیری کونافەدا گرت کە شیاو نەبووە بۆ خواردن و ئامادەکرابوو بۆ فرۆشتن.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی کۆگاکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەو پەنیری کونافەیەی دەستی بەسەردا گیراوە کەڕوی کردووە و لە یەکێک لە کۆگاکانی تایبەت بە هەڵگرتنی خۆراکدا لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانیدا بووە.

لیژنەکە روونیکردووەتەوە پەنیرەکە لە 360  کارتۆنی 12 پارچەییدا بووە و دوو هەزار و 160 کیلۆ بووە، هۆکاری خراپبونیشی خراپ هەڵگرتنی بووە.

بە گوێرەی راگەیەیندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی، دوای دەستبەسەرداگرتنی، ئەو پەنیرە خراپبووە لەلایەن لیژنەی لەناوبردن لەناو دەبرێت و خاوەنەکەی روبەروی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button