پەکەکە دوو هێرشی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدا

لڤین:
دوو هێرشی جیاواز هێرشکرایە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت، هێرشەکان بە فڕۆکەی بچووک کراون و زیان بە هێزەکانیان نەگەیشتووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو بە فڕۆکەی بچووک هێرش کراوەتە سەر فەرماندەیی سەرەکیی بنکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێلیهـ و 23یـەمین فەرماندەیی هێزی پیادەی شرناخ.
وەزارەتەکە ئاشکرایکردووە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر زیان بە هێزەکانیان نەگەیشتووە، میدیاکانی نزیک لە پەکەکەش رایانگەیاند هەردوو هێرشەکە لە رێی سێ فڕۆکەی درۆنی دەستکاری کراوی پەکەکە خۆی ئەنجام دراوە.
میدیاکانی باکوری کوردستانیش بڵاویان کردەوە دوای هێرشەکە کە دەنگی بیستراوە لە ناوچەی ئێله جگە لە دەنگی تەقە هاوکات دەنگی ئۆتۆمێلێکی زۆری فریاکەوتنیش بیستراوە کە روویان لە سەربازگەکە کردووە.